ئەشواق جاف: یاسای نەوت و گاز قابیلی موزایەدە نییە

K24 – بەغدا:

رەشنووسی یاسایی نەوت و گاز کە لە خاڵی 23سێیەمی میتۆدی کابینەکەی سوودانی رێکەوتنی هەردوو حکومەتی لە سەر کراوە ، لە نێو رێکەوتنەکەش ئاماژە بەوە کراوە نابێت هیچ کێشەیەک بۆ پەسەندکردنی ئەم یاساییە دروست بکرێت. هاوکات بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، گوتی: یاسای نەوت و گاز قابیلی موزایەدا نییە.

ئەشواق جاف، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنرا لەو کەسانەی کە پسپۆڕییان هەیە لە یاسا، نەوت و گاز و دارای، هەنگاوێکی باشییان بڕییوە لە نوسینی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز. هاوکات گوتیشی: یاسای نەوت و گاز قابیلی موزایەدە نییە.

لەلایەن خۆیەوە، محەمەد فەیسەڵ پسپۆڕی ئابووری، گوتی، یاسایی نەوت و گاز خۆی یاسایەکە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە گەورەکان، بە تایبەت کێشەی دەرهێنان و داهات و بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم و تەنانەت لە پارێزگاکانی تر کە نەوتیان هەیە ، ئەم یاساییە ئەرکێکی دیكەی گرنگی دەبێت ئەویش پڕۆسەی دەرهێنانی نەوتی ئەو پارێزگایانەیە کە نەوتیان هەیە و پێدانی بەشی خۆیانە کە پێی دەوترێت پتڕۆ دۆلار.

ئێوارەی ئەمرۆ، نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24، رایگەیاند، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتنیان واژوو کرد،  لەو چوارچێوەیەدا لیژنەیەکیان پێکهێنا و نووسراوێکیان ئامادەکرد و رەوانەی ئەنجوومەنی راوێژکاری کرا، بەڵام تاکو ئیستا پرۆژە یاساکە نەهاتۆتە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەنبکرێت.

هەروەها راشیگەیاند، لەکاتی گەڕانەوەی یاساکە لە ئەنجوومەنی راوێژکاری بۆ ناو پەرلەمانی عێراق هەڵسەگاندنی بۆ دەکرێت و بۆ ئەوەی بە شەفافی جێبەجێبکرێت لە ئایندەکی نزیکدا. هاوکات محەممەد شیاع سوودانی،سەرۆک وەزیرانی عێراق سووره‌ له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گاز به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، کە لە بەرژەوەندی  هەموو پارێزگاکانی عێراق بێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکرد، دەبێت یاسای نەوت و گاز بە شیوازێک دابڕێژرێت کە پەیوەندی بە بودجەوە هەبێت و نزیک بێت لەوەی کە لە بودجە باسکراوە.

جەختی لەوەشکردەوە، بابەتی نەوت لە عێراق شەفاف نییە زۆر گەندەڵی تێدایە، هەروەها لە ماددەی 13ـی لە بودجەدا باس لەوە دەکات، نرخی هەر بەرمیلێک کە لە عێراق بەرهەمدەهێنرێت لەگەڵ هی هەرێمی کوردستان بەرواردبکرێت و  دەبێت هەمان نرخ بێت.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەو گڕیبەستە نەوتیانەی کە لە عێراق هەیە بەروارد بکرێن لەگەڵ هی هەرێمی کوردستان، نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق زیاتر دەبێت لە هی هەرێمی کوردستان، بۆیە لە راستیدا نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم کەمترە لە هی عێراق.

هەر لەو چوارچێوەشدا، گوتی: هۆکاری نرخ بەرزی نەوتی عێراق ئەوەیە زۆرینەی کۆمپانیاکانی بواری نەوت کە کاردەکەن لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق سەر بە وڵاتانی دراوسێنە و زۆر باڵادەستن لەسەر ئەو بابەتە، ئەمەش وایکردووە داهاتی نەوت شەفاف نەبێت.