بانکی ناوەندی ئەمەریکا رێژەی سوودی بە جێگیری هێشتەوە

K24 - هەولێر

بانکی ناوەندی ئەمەریکا یاسای سوودی خۆی ناگۆڕێت و بەجێگیری دەیهێڵێتەوە.

لە راگەیەندراوێکی بانکی ناوەندی ئەمەریکادا ئەوە خراوەتەڕوو کە بەکۆی دەنگ بڕیاری بەجێگیری هێشتنەوەی رێژەی سوود پەسەند کراوە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە کۆمیتەی بازاڕی کراوەی فیدراڵیی (FOMC)، رێژەی هەڵاوسانی لە درێژ ماوەدا بە لەسەدا دوو دیاری کردووە، بۆ پشتیوانیکردنی ئەم ئامانجەش بڕیاری داوە رێژەی سوود بە لەسەدا پێنج - 5،25 بهێڵێتەوە.

بەمەش سیاسەتی سوود لە ماوەی 15 مانگدا بۆ جاری یەکەم بەجێگیری مایەوە.

پشتر بازاڕەکان بە گشتی پێشبینیان دەکرد، ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا، رێژەی سوود لە نێوان سەدا 5 بۆ سەدا 5.05 جێگیر بکات، هەروەها لە مانگی تەمموزی داهاتوو رێژەی سوو بەرزبکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی شوباتی 2023، بانکی ناوەندی ئەمەریکا رێژەی سووی 25 خاڵ بەرزکردبووەوە.