سەربازێکی ئەمەریکی دان بەوەدا دەنێت کە هەوڵی یارمەتیدانی داعشی داوە

ئەمەریکا
ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، ئەندامێکی سوپای ئەمەریکا هەوڵیداوە زانیاری بداتە رێکخراوی داعش بۆ یارمەتیدانیان لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارتی دادی ئەمەریکا، سەربازە ئەمەریکییەکە، ناوی (کۆل بریجس)ـە و تەمەنی 22 ساڵە، دوێنێ دانی بەوەدا ناوە "هەوڵی داوە پشتیوانی ماددی لە رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی بکات، هەروەها پلانی کوشتنی ئەندامانی سوپای ئەمەریکای داوە".

وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە رایگەیاند، کۆل بریجس ساڵی 2019 پەیوەندی بە سوپای ئەمەریکاوە کردووە و ساڵێک دواتر لە بینینی پڕوپاگەندەی تیرۆریستییەوە بە شێوەی ئۆنلاین، چوو بەرەو هەوڵدان بۆ پێدانی زانیاری بە داعش.

ئەو سەربازە ئەمەریکییە لەکاتێكدا کە وایزانیوە لەگەڵ ئەندامێکی داعش پەیوەندی دروستکردووە و زانیاری پێدەدات، لە راستیدا پەیوەندی لەگەڵ کارمەندێکی (نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی) FBIـی هەبووە، کە وا خۆی نیشانداوە ئەندامی رێکخراوێکی تەندڕەوە کە لە رابردوودا کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی لە سووریا و عێراق کردووە.

کۆل بریجس لە ئۆکتۆبەری 2020، پەیوەندی بەو کارمەندەی FBIـایەوە کردووە و مەشق و راهێنەرایەتی پێشکەش بە چەکدارانی  داعش کردووە کە پلانی چەند هێرشێکیان هەبووە، لەنێویاندا ئەنجامدانی هێرشێک لە شاری نیویۆرک.

ئەو سەربازە ئەمەریکییەی کە لایەنگری داعش بووە، لەگەڵ کارمەندەکەی FBI باسی لەوە کردووە، چۆن چەکدارانی داعش بە کاریگەرترین شێوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرش دژی هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدەن.