عاره‌ب عوسمان به‌رهه‌می گوڵ خونچە بڵاوده‌كاتەوە

K24 - هەولێر

عارەب عوسمان ماوەی چەند مانگێکە سەرقاڵی تۆمارکردنی گۆرانییەکی نوێیە بە ناوی گوڵ خونچە، کارە تەکنیکی و هونەرییەکانی گۆرانییەکە تەواو کراوە و بڕیارە لە داهاتووێکی نزیک بڵاو بکرێتەوە، کارەکانی گۆرانیەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان ئەنجام دراوە، و له‌لایه‌ن سەید ئەحمەد رواندزی کاری میلۆدی بۆ کراوە، سەید ئەحمەد دەڵێت: رەنگە دوایین بەرهەمی عارەب عوسمان بێت.

عارەب عوسمان كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 74 ساڵه‌، به‌ رووه‌كی شیرین و كه‌مێك حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌و تەمەوە هەوڵێکمانداوە ئه‌و گۆرانییه‌ی تۆمار بكه‌ین.

هونەرمەند عارەب عوسمان، زیاتر لە 55 ساڵە حەیران و گۆرانی دەچڕێت، ئەو هونەرمەندەی کە لای خەڵکی خۆشەویستە و بەردەوام هەوادرانی چاوەڕێی نوێترین گۆرانی و حەیرانەکانی ئەون.

عارەب عوسمان، بە کوردەستان24ی گوت: "بە هاوکاری ژمارەیەک هونەرمەند هەوڵێکماندا بەو تەمەنەوە گۆرانییەکی نوێمان تۆمارکردووە".

سەید ئەحمەد رواندزی، لەبارەی بەرهەمە نوێیەکەی عارەب عوسمان، دەڵێ: "عارەب عوسمان وەکو هونەرمەندێکی پڕ بە خشش و پڕ ئەزموون، هاوشانی هونەرمەندان حەسەن حەیران و رەسوڵ بێزار گەردی، لە هەولێر رۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبووە لە گوتنی حەیران و یەکێکە لە حەیران بێژە سەرکەوتووەکان".

گوتیشی: "هەست دەکەم مام عارەب توانای جارانی نەماوە، رەنگە ئەمە دوایین بەرهەمی بێت بۆی تۆمار بکەین".

عارەب عوسمان، كە بە تەنیا عارەبیش ناسراوە، لە ساڵی 1949 لە گەڕەکی تەیراوەی ھەولێر لە دایکبووە، باوکی عوسمان حەیران یەکێک بووە لە کەڵە حەیرانبێژە بە تواناکانی دەشتی قەراج و ھەولێر، لە ساڵی 1970 دەبێت بە یەکێک لە قوتابییەكانی ھونەرمەندی وریا ئەحمەد کە لە بەشی کوردی رادیۆی بەغدا گۆرانیان تۆمارکردووە، خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانی و حەیرانە، لەگەڵ سەدان کاسێت گۆرانی و  نزیکەی 10 گۆرانیشی کلیپ کردووە و لە چەندین فێستیڤاڵیشدا لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بەشداری کردووە.