بە هۆی کێشەی زەوی و زار لە ناوچەیەکی کوردستان هەشت کەس کوژران
K24 - ئەنقەرە
بەهۆی کێشەی زەوی و زار لە ناوچەیەکی دیاربەکری باکووری کوردستان شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو، لە ئەنجامدا هەشت کوژران و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، هێزە ئەمنییەکانیش سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە گوندی سێرچەلەر سەر بە ناحیەی بسمیل-ی سەر بە پارێزگای دیاربەکری باکووری کوردستان، لەسەر کێشەی زەوی و زار دەمەقاڵە لەنێوان دوو بنەماڵە روویداوە و دواتر بووەتە شەڕ، لە ئەنجامدا بە چەک هێرشیان کردووەتە سەر یەکترو کوژراو برینداری لێکەوتووەتەوە .
هێزە ئەمنییەکان لە گوندەکەدا رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ.
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێری کوردستان24، بریندارەکان لەلایەن تیمی فریاگوزاری بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
حەسەن کاکۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند: "دەگوترێت دوو لە بریندارەکان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تائێستا بە فەرمی رانەگەیەندراوە".
گوتیشی: "رووبەری زەوییەکان نزیکەی 300 دۆنم دەبێت و ماوەی دوو ساڵە کێشە لەسەر ئەو زەوییانە هەیە و دوو بنەماڵەی خەڵکی دوو گوند دەڵێن ئەو زەوییانە هی ئێمە".
ئاماژەی بەوەشدا: "ژمارەیەک کەسی پەیوەندیدار بە شەڕەکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون".
پەیامنێرمان، راشیگەیاند: "هەردوو بنەماڵە کە شەڕیان کردووە، خزمی یەکترن".