بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی: سبەی راوكردنی ماسی ئاسایی دەبێتەوە
K24 - سلێمانی:
ھێمن كەمەرخان، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، دوای سێ مانگ لە قەدەغەكردنی راوی ماسی، سبەی راوكردنی ماسی ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ــی حوزەیرانی 2023)، ھێمن كەمەرخان، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەمساڵ بە گوێرەی نووسراوی بەڕیوەبەرایەتی سامانی ماسی ژمارە 498 لە (5ــی ئاداری 2023) قەدەغەکردنی راوە ماسی راگەیندرا تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران.
هەروەها راشیگەیاند، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی هەموو ساڵێک راوە ماسی قەدەغەیە، چونکە لەو ماوەیەدا ماسی گەرا دادەنێت و رێژەکەی زیاد دەکات.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، گوتی: "سبەی راوكردنی ماسی ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لە هەموو کاتێکدا راوکردنی ماسی بە ژەهر و لێدانی کارەبا قەدەغەیە و هەر کەسێک بەو شێوەیە راوی ماسی بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".
ھێمن كەمەرخان، داواکارە هاووڵاتییان پابەندبن بە رێنماییەکانی پۆلیسی دارستان، چونکە وەک خۆشی دەڵێت، لە ئەگەری سەرپێچیکردنی رێنماییەکان، سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، باسی لەوەشکرد، لە ماوەی قەدەغەکردنی راوی ماسیدا 57 هاووڵاتی دەستگیرکراون و رووبەرووی یاسا کراونەتەوە.