کۆڵان و گەڕەکەکانی 122ـی گوڵان لە هەولێر قیرتاو کران

گەڕەکی سیمی خاتوناوە لە شاری هەولێر
گەڕەکی سیمی خاتوناوە لە شاری هەولێر

K24 – هەولێر:

دوای حەوت ساڵ لە نەبوونی خزمەتگووزاری رێگاوبان کۆڵان و گەڕەکەکانی 122ـی گوڵان کە بە سیمی خاتوناوە ناسراوە لە شاری هەولێر قیرتاو کران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 15ــی حوزەیرانی 2023)، بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی سیمی خاتوناوە، بە کوردستان24ـیان رایانگەیاند، "دڵخۆشین بەو قیرتاوکردنە. چونکە لە هاوین و زستان گەورەترین گرفتمان هاتوچۆکردن بوو.

لەمبارەیەوە رازان خەلیل، ئەندازیاری سەپەرشتیاری پڕۆژەکان لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە ئەمساڵ دەستیپێکرد، ماوەی پڕۆژەکە 120 رۆژی  بۆ دانراوە، بە گوژمەی نزیکەی 100 ملیار دینار، هاوکات راشیگەیاند، ئەمڕۆ کۆتا رۆژە بۆ قیرتاوکردنی پڕۆژەکە.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، گوتی: "پارساڵ قۆناغی یەکەمی قیرتاوکردنەکە دەستی پێکرد، ئەمساڵ دەستکرا بە قۆناغی دووەمی قیرتاوکردنەکە، کە تەواوی کۆڵانەکانی ئەم گەڕەکە قیرتاو و کۆنکرێت دەکرێن".

پارێزگاری هەولێر، وێڕای پیرۆزبای خۆی لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، دڵنیایی دەداتە سەرجەم دانیشتوانی شاری هەولێر، کە پڕۆژەکان بەردەوامدەبێت بۆ مەبەستی خزمەتکردنی هاووڵاتییان.