جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق بۆ کوردستان24: دەمانەوێت کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان

کریستۆفەر کاستیلۆ، جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق
کریستۆفەر کاستیلۆ، جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق رایگەیاند دەیانەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکەوە کاربکەن بەتایبەتی لە بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستیدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ـی حوزەیرانی 2023) له‌ رۆژی نیشتمانی فلیپیندا، کریستۆفەر کاستیلۆ، جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پێشوازی و  مامەڵەکردنییان لەگەڵ کارمەندانی فلیپین و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

کریستۆفەر کاستیلۆ، جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق گوتیشی، " زۆر سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەندین وڵات بەردەوامە، سوپاسی دەکەین لەوەی پێشوازی لە هاووڵاتییانی فلیپین دەکات و ئاگادارییانە،  هەروەها باوەشی بۆ کرێکارانی فلیپین کردووەتەوە، هەروەها پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین و لە چەندین کۆنفڕانس لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەروەها لە رێکخراوەکان دەیانبینین، هەروەها لە دیداری ئابووری جیهان بینیمان بەشداری کرد".

لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە نزیکەوە کارمان لەگەڵ یەک نەکردووە، هەروەها بەیەکەوە کارکردنێکی باش لەنێوان فلیپین و هەرێمی کوردستان دەبینین، هیواخوازین بەیەکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کار بکەین و ژمارەیەکی زیاتری پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بێنە هەرێمی کوردستان تا لەو کەرتە یارمەتیدەربن".

هەروەها گوتیشی، "ئێستا لە چەندین کەرتی وەک ئەندازیاری کار دەکەین، هەروەها پەرستارێکمان لە زانکۆی ئەمریکی لە کوردستانە و دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی فلیپین یارمەتیدەرن لە بەرەوپێشچوونی ئابووری هەرێمی کوردستان."