لە ئایندەیەکی نزیکدا لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵگای کڕین و فرۆشتنی چەک بە فەرمی دروست دەکرێت

بازاڕێکی فرۆشتنی چەک لە هەولێر - ئەرشیف
بازاڕێکی فرۆشتنی چەک لە هەولێر - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە گشت پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی كوردستان کۆمەڵگای کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەکی ئاگرین بە فەرمی دروست دەکرێت.

عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی بریاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە  ھەڵمەتی داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین لە ھەرێمی کوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە گشت پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی كوردستان کۆمەڵگای کرین و فرۆشتن وچاکردنەوەی چەکی ئاگرین بە فەرمی دروست دەکرێت.

گوتیشی: ئاگاداری گشت ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە ئەگەر فۆرمی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینان نەبێت و چەکەکانیان تۆمار نەکرابێت، لە داھاتوودا ناتوانن چەکەکانیان لەو کۆمەڵگایانەدا بفرۆشن یاخود چاکی بکەنەوە یان بیگۆڕن.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە پێش تەواوبوونی ماوەکە کە لە 21ی تەمموزی 2023 کۆتایی دێت، ئەوانەی چەکی نافەرمییان لایە بە زووترین کات روو لە بنکەکانی تۆمارکردن چەکی ئاگرین بکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان .