سکرتێری گشتیی ناتۆ: لههێرشی پێچهوانهدا بۆسهر هێزهكانی رووسیا ئۆکرانیا بەرەوپێشچوونی بهدهستهێناوه
K24 - هەولێر:
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، دژه هێرشی سوپای ئۆکرانیا بۆ سهر هێزەکانی رووسیا، بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و پێویستە پشتیوانیی سەربازی بۆ ئۆکرانیا بەردەوام بێت.
یەنس ستۆڵتنبێرگ لە دەستپێکی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ناتۆ و ئۆکرانیادا کە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆکسل بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرهێنایەوە، کە ئۆکرانیا لەم دواییانەدا هێرشی پێچەوانەی لە دژی رووسیا دەستپێکردووە و گوتی: "ئۆکرانیا بەرەوپێشچوونی بهدهستهێناوه. پێویستە بەردەوام بین لە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی، چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا و پشتیوانییەکانمان زیاتر بکەین".
ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ناتۆ و ئۆکرانیادا باس لە پاڵپشتیکردنی زیاتری ئۆکرانیا دەکەن و رایگەیاند، دەیانەوێت سندوقێک پێکبهێنن بۆ دەستەبەرکردن کەرەستەی سەربازی.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمهریکا، مارک میڵی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل ئاماژەی بەوە دا ئۆکرانیا لە دژه هێرشی بۆ سهر هێزەکانی رووسیادا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و گوتی: "وەک ئەوەی چاوەڕوانی دەکەین، ئەمە رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت دەبێت. سەرنجمان لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی ئۆکراینا چڕکردووەتەوە".
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.