جێگری سەرۆكکۆماری تورکیا: بە شێوەیەکی فرەڕەهەند بەرەنگاری هەڵاوسانی ئابووری دەبینەوە

جەودەت یه‌ڵماز
جەودەت یه‌ڵماز

K24 - هەولێر:

جەودەت یه‌ڵماز جێگری سەرۆكکۆماری تورکیا، ده‌ڵێت: "بە شێوەیەکی فرەڕەهەند هەر لە سیاسەتی دارایییەوە بگرە تاکو دەگاتە چاکسازیی پێکهاتەیی و سیاسەتی کەرتەکان، بەرەنگاری هەڵاوسانی ئابووری دەبینەوە و هەڵاوسان کەمدەکەینەوە بۆ ئاستێکی زۆر شیاوتر".

یه‌ڵماز لە میانی بەشداریکردن لە پەخشی راستەوخۆی CNN Türk وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا.

یه‌ڵماز سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئامانجیان ئەوەیە رێژەی هەڵاوسان و سوود کەم بکەنەوە و لە ماوەیەکی دیاریکراودا لەوەدا سەرکەوتوو بن، گوتی: "بۆ ئەمە پێویستە زەمینەسازی پێویست بکرێت، هەڵاوسان تەنها پرسێکی ئابووری نییە، هاوکات پرسێکی کۆمەڵایەتییشە، چونکە هاوشێوەی ئەوەی زیان لە ئابووری دەدات، هەروەها هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی داهات تێک دەدات، بە شێوەیەکی فرەڕەهەند هەر لە سیاسەتی دارایییەوە بگرە تاکو دەگاتە چاکسازیی پێکهاتەیی و سیاسەتی کەرتەکان، بەرەنگاری هەڵاوسانی ئابووری دەبینەوە و هەڵاوسان بۆ ئاستێکی زۆر شیاوتر کەمدەکەینەوە".

لەبارەی سیاسەتی (سوو) کە لە 22ی حوزەیران لەلایەن بانکی ناوەندیی تورکیاوە بڵاو دەکرێتەوە، یه‌ڵماز گوتی: "بانکی ناوەندی دەبێت لەسەر ئەو بەرنامەیە بڕوات کە حکومەت نەخشەی بۆ کێشاوە، بۆیە بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی گونجاو هەڵسەنگاندن بۆ سەقامگیری نرخ و بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان دەکات، لەلایەکی دیکەوە بانکی ناوەندی بە مەبەستی جێگیرکردنی نرخ بە مەرجێک بەریەککەوتن دروست نەبێت پشتیوانی لە سیاسەتی حکومەت دەکات لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و گەشەی ئابووری. بۆیە بانکی ناوەندی بە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تورکیا و جیهان و سیاسەتی گشتی هەنگاوی پێویست دەنێت".

رۆژی (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بوو و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێنا.