وەزارەتی كارەبا سوپاسی پشوودرێژی هاووڵاتییان دەکات بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەکانی چاکسازیی وێستگەکان

وەزارەتی کارەبا
وەزارەتی کارەبا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پرۆسەی چاكسازی لە كێڵگەی كۆرمۆر لە رۆژی 22/5/2023، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز كەم ببووەوە و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا و ماوەكانی پێدانی كارەبا كردبوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، بڕیاربوو لە رۆژی سێی ئەم مانگە پرۆسەی چاكسازیی کۆمپانیای داناگاز لە كێڵگەی كۆرمۆڕ تەواو بێت، بەڵام بەهۆی هەندێ گرفتی تەكنیكی، پرۆسەکە درێژ کرایەوە، ئەمڕۆ (16) حوزەیران پرۆسەی چاکسازیی لە کێڵگەی کۆرمۆر کۆتایی هات و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەوە.

وەزارەتی كارەبا سوپاسی پشوودرێژی هاووڵاتییان دەکات لەپای تێگەیشتنیان لە پرۆسەکانی چاکسازیی وێستگەکان و کێڵگەکان.

روونیشیکردەوە، ئەم پرۆسە چاکسازییە هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و هەڵكشانی خواست لەسەر کارەبا.

هەروەها سوپاسی تیمەكانی هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان دەكات کە توانیویانە وێڕای كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و خۆگونجاندن لەگەڵ پرۆسەی چاكسازیی کۆمپانیای داناگاز لە کێلگەی کۆرمۆر، نەیانهێشت كاریگەری لەسەر سیستەمی كارەبا هەبێت.