وەزیری بەرگری سوید بۆ کوردستان24: تورکیا و هەنگاریا رازی نین ئێمە ببینە ئەندامی ناتۆ

پاوڵ جۆنسۆن، وەزیری بەرگری سوید
پاوڵ جۆنسۆن، وەزیری بەرگری سوید

K24 - برۆکسل:

وەزیری بەرگری سوید بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو ئەندامانی ناتۆ رازین سوید ببێتە ئەندام جگە لە وڵاتی هەنگاریا و تورکیا کە تاوەکو ئێستا رێگرن لە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.

رۆژی دووەمی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسل بەردەوامە و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، پاوڵ جۆنسن، وەزیری بەرگری سوید ئاشکرای دەکات، لەگەڵ وەزیری تازەی بەرگری تورکیا پێکەوە کۆبوونەوە و تورکیا داوا دەکات چالاکیەکانی پەکەکە لە سوید قەدەغە بکرێن.

وەزیری بەرگری سوید باسی لەوەشکرد، پێداگرن لەسەر ئەوەی سوید ببێتە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ و تورکیا و هەنگاریاش ئەندامییەتییان پەسەند بکەن.

پاڵ جۆنسن ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا چاوی لەوەیە بەرەوپێشچوونی زیاتر لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوید هەبێت.

ئەمڕۆ وەزیرانی بەرگری 31 وڵاتی ئەندام لە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە و چەندین پرسی جیهانی تاووتێ دەکەن، بەتایبەت پڕچەک کردنی سوپای ئۆکرانیا دژی هێزەکانی رووسیا.

لە مانگی حوزیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لە نێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆ کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.