محەممەد شوکری: لە چەند رۆژی داهاتوودا هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی نوێی وەبەرهێنان رادەگەیەنێت

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – لەندەن:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەیەکی گرنگ و نوێی وەبەرهێنان رادەگەیندرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێک کە هەرێمی کوردستان زیاتر بە جیهانی دەرەوە بناسێندرێت و کاری وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی(16ــی حوزەیرانی 2023)، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی کاروباری بەریتانی – عێراقی، کە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕیوەدەچێت، تایبەت بە کوردستان24ــی رایگەیاند، ئەنجوومەنی کاروباری بەریتانی – عێراقی ساڵانە دوو کۆنفرانس لە پایز و لە بەهاردا ساز دەکەن، "ئێمەش بە نوێنەراتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریمانکردووە".

هەروەها راشیگەیاند، ئەو ئەنجوومەنە گرنگە بۆ پشتیوانی کردنی کاری کۆمپانیا بەریتانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها لە رابردوودا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پاڵپشتی کاری بازرگانی و وەبەرهێنان دەکەن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، "ئومێدەوارین بتوانین لە بوارەکانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی پێدەدات بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، خوێندنی باڵا و پزیشکی، بتوانین سوود لە تواناکانی کۆمپانیا بەریتانییەکان وەربگرین کە لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان دەکەن".

محەممەد شوکری، ئاماژەی بەوەدا، "لە کۆنفرانسەکەدا باسی ئەوەمان کرد لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر باش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە، کە بێن لە هەرێمەکەمان وەبەرهێنان بکەن و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت".

گوتیشی: لە چەند رۆژی داهاتوودا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەیەکی گرنگ و نوێی وەبەرهێنان رادەگەیندرێت کە ئاراستە دەکرێت بۆ جیهانی دەرەوە، بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێک کە هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوە بناسێندرێت و زیاتر کاری وەبەرهینانی تێدا بکرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە، "ئامانجمان ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا ببێتە شوینێکی گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە وەبەر‌هێنەران چاویان لەسەربێت و بتوانن تیایدا کاری وەبەرهێنان ئەنجامبدەن".