ده‌خیل و سامیا دوو هاوسه‌ری ئه‌مه‌كداری قوربانی داعش ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریان نوێ ده‌كه‌نه‌وه
K24 – هەولێر:
ده‌خیل ئه‌و پیاوه ئێزدییه‌ی له دوای هێرشه‌كانی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر شنگال له ساڵی 2014 له سامیای هاوسه‌ری دابڕا و سامیا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه بردرا و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییان لێ تێكدا، ئێستا دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له چه‌شتنی ئازاری دووری و یاده‌وه‌ری، جارێكی دیكه پێك شاد ده‌بنه‌وه و سه‌رله‌نوێ ژیانی خێزانی ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه.
رێكخراوی داعش له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتن و هێرشه داگیركارییه‌كانی له سووریا و عێراق، كه به‌شێكی زۆری سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش گرته‌وه، هه‌زاران كاره‌ساتی به‌دوای خۆیدا هێنا، وێڕای كوشتن، گرتن، وێرانكاری، سته‌م و سووكایه‌تیپێكردن، له هه‌مووان مه‌ترسیدارتر بردنی كچان بوو، به‌تایبه‌تی كچان و ژنانی ئێزدی و به كه‌نیزه‌كردنیان.
له‌و ئۆپه‌راسیۆنه به‌ربه‌رییانه‌دا، كچان و ژنانی كوردی ئێزدی قوربانی سه‌ره‌كی بوون، ئه‌وانه‌یان نه‌یاتوانی ده‌رباز ببن، كرانه كه‌نیزه‌ك و سه‌ران و چه‌كدارانی داعش وه‌ك هاوسه‌ری حه‌ڵاڵی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنان. ئه‌وان هیچ تاوانێكیان نه‌كردبوو، ته‌نها به‌هۆی ئێزدیبوونیانه‌وه ده‌كرانه كه‌نیزه‌ك و له‌ژێر جه‌ور و فه‌توای سته‌مكارانه به‌سه‌ر ئاره‌زوو و بڕیاری خۆیان زاڵ ده‌بوون و به‌زۆر مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌رییان له‌گه‌ڵدا ده‌كردن.
ده‌خیل و سامیا له ئۆپه‌راسیۆنه به‌ربه‌رییه‌كانی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر شنگال، نموونه‌ی دوو هاوسه‌ری قوربانی وه‌فادارن بۆ یه‌كدی، نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك داعش هێرشی كرده سه‌ر شنگال، ئه‌وان چیتر یه‌كتریان نه‌بینیوه و بۆ یه‌كدی بێسۆراغ مانه‌وه. ده‌خیل هاوسه‌ره وه‌فاداره‌كه‌ی سامیا، له ماوه‌ی ساڵانی پڕ ئازاری دووری سامیا، هه‌رگیز له سامیا زیاتر، بیری له كه‌سی دیكه نه‌كردووه‌ته‌وه، ئه‌و هیچ بێهیوا نه‌بووه له گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌ره ئازیزه‌كه‌ی، چاوه‌ڕان بووه، رۆژێك هه‌واڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێ بده‌ن و به‌یه‌كدی شاد ببنه‌وه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌خیل، نموونه‌ی هه‌ڵوێستێكی عاشقانه‌ی راسته‌قینه‌یه، داستان، رۆمان، چیڕۆك، هه‌ڵبه‌ست، لاوك و فیلمی سینه‌مایی ناوداری لێ دروست ده‌كرێت و به‌رهه‌م دێت. ده‌خیل ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی ژیانی به خه‌یاڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ڕێ كردووه، هه‌ر ته‌قه‌یه‌ك هاتووه، وایزانیوه سامیایه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له ده‌رگای حه‌وشه ده‌دات، هه‌ر دڵۆپه بارانێك كه‌وتووه‌ته سه‌ر زه‌وی، پێی وابووه، ده‌نگی خشپه‌ی قاچه پێخاوسه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی، گوێی له له‌رینه‌وه‌ی هه‌ر چڵه‌دارێك بووه به‌هۆی هه‌ڵكردنی باوه، وا تێگه‌یشتووه كه‌زییه بێنازه‌كانی ئازیزه‌كه‌یه‌تی خۆی له دیواری حه‌وشه‌كه‌یان ده‌خشێنێت و ئاوازی گه‌ڕانه‌وه و ئاوێزان ده‌چڕێت.
نزیكه‌ی ده‌یه‌یه‌كه ده‌خیل و سامیا، شه‌و و رۆژ ده‌ژمێرن بۆ ئه‌وه‌ی به عه‌شقی ئه‌به‌دییان بگه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه چیڕۆكی هه‌ره‌باڵای ئه‌مه‌كداری عاشقانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كی كورد، ئاهه‌نگێك چێ بكه‌ن، مه‌م و زین، شیرین و فه‌رهاد و خه‌جێ و سیامه‌ند داوه‌ت كه‌ن، هه‌ر له‌وێ له لالش ئه‌حمه‌دی خانی غه‌می ده‌ردی خۆی و كوردان بکات فه‌سانه، زین و مه‌م و ده‌خیل و سامیا بکات به‌هانه.
دوای نۆ ساڵ، ده‌خیل و سامیا به‌یه‌كدی شادبوونه‌وه، به‌بۆنه‌ی شادبوونه‌وه‌یشیان، جارێكی دیكه ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری نێوانیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان و ئازیزانیان به فرمێسكه‌وه ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌گێڕن، هه‌مووان دڵخۆشن و شادی ده‌رده‌بڕن.
هێشتا سه‌دان كچ و ژنه كوردی ئێزدی له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش ماون، ئاواته‌خوازن بگه‌ڕێنه‌وه ناو خێزانه‌كانیان و به هاوسه‌ره‌كانیان شاد ببنه‌وه و بگه‌ڕێنه‌وه ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌سه‌نی خۆیان و چیتر به بارمته و كه‌نیزه‌ك نه‌مێننه‌وه.
رۆژی (شه‌ممه 3ـی حوزه‌یرانی 2023) شه‌ش كچ و ژنی ئێزدی کە لە ساڵی 2014 داعش رفاندبوونی، ئازادکران و گەڕێندرانەوە هەولێر.
خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسییەی رزگارکراوانی ئێزدی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم شه‌ش كچه بە هەوڵی نادییە موراد باڵوێزی ئاشتی لە نەتەوەیەكگرتووەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئازادکراون.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی دامەزراند و بە گوێرەی داتاکانی نووسینگەکە، داعش شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاندووە، لەو ژمارەیە سێ ھەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو ھەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێر بوون، لەوانەش سێ ھەزار و 568 کەسیان رزگارکراون.