بلینکن: بۆ دوورکەوتنەوە لە لێکدانەوەی هەڵە سەردانی چین دەکەم

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

K24 - هەولێر:

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ رایگەیاند، "بۆ دوورکەوتنەوە لە لێکدانەوەی هەڵە لەگەڵ پەکین، رۆژی یەکشەممە 18ــی حوەزەیران سەردانی وڵاتی چین دەکەم".

بلینکن پێش ئەوەی واشنتۆن بەجێبهێڵێت بۆ چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئەوەیە هەردوو وڵات بتوانن پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەڕێوەببەن و دوور بکەونەوە لە لێکدانەوەی هەڵە.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمرۆ هەینی رایگەیاند، دەرگای چین هەمیشە کراوەیە بۆ گفتوگۆگان لەگەڵ ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەرگیز نەوەستاون.

وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە چین و ئەمەریکا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و یەکسانی پەرەپێبدەن.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، پێشتر تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەمریکا چاوەڕوانی هیچ پێشکەوتنێک ناکات لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و لە سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ئەو وڵاتە.