ئەڵمانیا 64 مووشەکی پاتریۆتی دیکە بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت

سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت
سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت

K24 - هەولێر

بۆریس پیسۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، 64 مووشەکی پاتریۆتی دیکە بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا رەوانە دەکەن.

پیسۆریوس لە میانی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە بڕۆکسڵ بە میدیاکارانی راگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی پشتیوانیکردن لە بەرگریی ئاسمانی و نۆژەنکردنەوەی تانکەکان بۆ ئۆکرانیا دەکرێت و ئەمەشی بە بڕیارێکی گرنگ لە قەڵەم دا بۆ پشتوانیکردنی بەردەوامی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئۆکرانیا.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بیری خستەوە وڵاتەکەی ماوەیەک لەمەوبەر پاکێجێکی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا بە بەهای دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار راگەیاندووە، گوتی: "بڕیاریشمان داوە 64 مووشەکی پاتریۆتی دیکە بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا رەوانە بکەین".

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئێوارەی رابردوو لەگەڵ هاوتا کەنەدی، بەریتانی و هاوتاکانی لە وڵاتانی بەڵتیک کۆبووەتەوە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە تاوتوێی ئەنجامدانی مانۆڕێکیان کردووە لە 2024 یاخود 2025 لە باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ.