لە زاخۆ دەست بەسەر چوار تۆن ئارد داگیرا کە ساختە لە کوالێتیەکەی کراوە

ئەو ئاردەی دەستی بەسەردا گیراوە بەسەر خەڵکی هەژار دابەش دەکرێت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - زاخۆ

لە زاخۆ دەستبەسەر چوار تۆن ئارد داگیرا کە ساختەکاری لە کوالێتیەکەی کراوەو ئاردی بەشە خۆراک لە کیسی سفری تورکی کراوە.

وڵات هەجەر، بەرپرسی لیژنەکانی بەدواداچوونی قایمقامیەتی زاخۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو هاووڵاتییەی ساختەکاری لە ئاردەکە کردووە، لەناو کیسی ئاردی سفری تورکی هەوڵیداوە لە بازگەکانی زاخۆ دەربازی بیباتە دەرەوە، بەڵام دەست بەسەر ئاردەکەدا گیراوە و ئەو کەسەش بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزادراوە و هاوکات ئاردەکەشی کە چوار تۆن بووە بە خۆڕایی بەسەر چەند سەمونخانەیەکدا دابەشکراوەو زۆربەیان ئەو سەمونخانەن کە قەرزی نانیان لەسەر خەڵکە و بەرامبەر پێدانی ئەم ئاردە لە خەڵکی قەرزدار خۆش دەبن".

گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئاردی بەشە خۆراک و نان گران نەبێت، بڕیارمانداوە ئاردی بەشە خۆراک کە دێتەوە زاخۆ بردنە دەرەوەی بە مەبەستی بازرگانی و فروشتن قەدەغە بکرێت".