د. کاروان سەباح: 800 گوندی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانی ئاویان وشک دەبێت
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت لە چەند ئاستێکەوە کاری کردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی کاریگەریەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا، دەشڵێت، ئەو بەنداوانەی لە کوردستان هەن بەشێکی زۆری ئاویان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەڕوات، کەچی عێراق دە ساڵیش دەبێت هیچ پشتیوانیەکی کەرتی ئاوی بۆ ئێمە نەکردووە.
د.کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24 ی راگەیاند، ئێمە دەبێت بابەتی بە بیابانبوون و وشکەساڵی جیابکەینەوە، بە بیابانبوون پەیوەندی بەخاکەوە هەیە کە زەوی توانای بەرهەمهێنان لەدەستدەدات، بەڵام وشکەساڵی پەیوەندی بە کەشوهەواوە هەیە، واتە ئاو کەمترە لەوەی کە کشتوکاڵ پێویستی پێەتی.
گوتیشی: دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازی زۆرە، جیاوازەکە بەشێکی سرووشتییە و بەشەکەی دیکەی مرۆییە، شێوازە سرووشتییەکە ئەوەیە لە عێراق کێشەی کەمی ئاو هەیە، هەم بڕەکەی کەمە و هەم کوالیتیەکەی خراپە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ئێمە کێشەی دابەشکردنی ئاومان هەیە، ئەگەرنا بەوشێوەیە کێشەی ئاومان نییە، کە لە عێراقدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ساڵانەی کە مەترسی وشکە ساڵی هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆردێکی تایبەت دروستدەکات، وەکو ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ ئەو دیاردەیە، جگە لەو بۆردە، حکومەت لە چەند ئاستێکەوە کاری کردووە بۆ رووبەرووبونەوەی کاریگەریەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا.
بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: ئێمە ساڵی رابردوو توێژینەوەیەکمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، گوند بەگوندی کوردستان رووپێویمان کردووە، چەند گوندێکمان مەترسی وشکبوونی ئاوی لەسەرە چەندین گوندیش سەرچاوەی ئاوی وشکبووە، هەروەها چەندین گوندی دیکەش پێویستیان بە هەڵمەتی خێرا هەیە بۆ چارەسەرکردنی مەترسیەکە.
روونیکردەوە، ژمارەی ئەو گوندانەی بە "دڵنیاییەوە" سەرچاوەکانی ئاویان وشک دەبن زیاترە لە 800 گوند، چەند جاریش گوتومانە ئاسان نییە بۆ هیچ حکومەتێک بە تەنیا رووبەڕووی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا ببێتەوە.
راشیگەیاند، پێشتر دابەشبوونی گوندەکان لەسەر کانیەکان بووە، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی بەفر نەماوە و باران کەمبووە، هەروەها بەهۆی ئەو بیرانەی لێئەدرێن ئاوی کانیەکان وشک دەبن، بەڵام ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم لەساڵی پارەوە لەسەر بنەرەتی چەند دیراسەیەک چەند رێگایەکمان گرتووەتە بەر، یەکەمیان دروستکردنی چەند ژمارەیەکی پۆندە بۆ گلدانەوەی ئاوی بەفر و باران، دووەم، پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی ژێر زەوی و پرۆژەی بوژانەوەی کانیەکانمان دەست پێکردووە لە تاقیکردنەوە داین.
د. کاروان سەباح، ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە لەهەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانامان دابێت هاوکار بووین بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی باشووری ناوەڕاست لەبابەتی بێ ئاوی، بەبەڵگەی ئەوەی ئەو بەنداوانەی لە کوردستان هەن بەشێکی زۆری ئاویان بۆ باشوور و ناوەراستی عێراق دەڕوات، کەچی عێراق دە ساڵێش دەبێت هیچ پشتیوانیەکی کەرتی ئاوی بۆ ئێمە نەکردووە.