بەهۆی باران و زریان لە بەرازیل 11 کەس گیانیان لەدەستدا

20ی کەسیش بێسەروشوێن بوون
بەرازیل
بەرازیل

K24 - هەولێر

حکومەتی بەرازیل رایگەیاند، بەهۆی بارانی بە خوڕ و زریان کە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا، ناوچەکانی باشووری بەرازیلی گرتەوە، 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

حکومەتی ویلایەتی ریۆ گراندی باشووری ئەو وڵاتە کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆرۆگوای و ئەرجەنتین لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندووە، دەزگای بەرگری شارستانی لەو ویلایەتە پشتڕاستیکردووەتەوە کە  "11 کەس بەهۆی بارانی بە خوڕ و زریان گیانیان لەدەستداوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هێشتا 18 کەس لە کارا و دوو کەسی دیکە لە ترێس فۆرکێلیاس" بێسەروشوێنن.

ئاماژە بەوەشکراوە، 602 کەسیان لە ناوچە مەترسیدارەکە گواستووەتەوە، هەروەها بەهۆی زریانەکەوە دوو هەزار و 330 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.

رۆژی شەممە، ئیدواردۆ لیتێ، پارێزگاری ویلایەتی ریۆ گراندی بە هێلیکۆپتەر سەردانی ئەو ناوچانەی کرد کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

لە شاری کارا، ناوەندێکی کۆمەڵایەتی ئامادەکرا بۆ پێشوازیکردن لە سەدان کەسی زیانلێکەوتوو.

ئیدواردۆ لیتێ، روونیکردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری لە ویلایەتەکەدا تا ئێستا هاوکاری دوو هەزار و 400 کەسیان کردووە لەو ناوچانەی کە بەهۆی زریانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

راشیگەیاند: ئامانجی سەرەکیمان پاراستن و رزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیانە، هەروەها دابینکردنی فریاگوزارییە بۆ کەسانی گیرخواردوو و دۆزینەوەی شوێنی ونبووەکان و یارمەتیدانی خێزانەکانە.