دوو ئافرەتی سووری لەڕێگەی شادبوونەوە بە هاوسەرەکانیان گیانیان لەدەستدا

مەنال ئەلحەجی
مەنال ئەلحەجی

K24 - هەولێر

کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرعا ماتەمینی گشتییان لە سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانی پارێزگای دەرعا لە سووریا بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند، کە لە رۆژی شەممەوە دەستی پێکردووە تا دووشەممە، هەروەها نوێژی غیابییان بۆ گیانی منداڵەکانیان ئەنجامدا کە بە هۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی یۆنان ون بوونە.

لە خەمناکترین ئەو چیرۆکانەی کە بڵاوکرانەوە، رووداوی ئەو دوو ئافرەتە بوو بە ناوەکانی ئیسرا ئەلسویدان و مەنال ئەلحەجی، کە لە شاری جاسم لە باکوری دەرعا بەرەو لیبیا رۆیشتوون، بە هیوای ئەوەی دوو  بووکە بگەنە ئیتاڵیا و لەوێشەوە بگەنە هاوسەرەکانیان لە ئەڵمانیا.

ئەو دوو کچە ماوەیەکی زۆر چاوەڕێیان کردبوو تا بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی بە هاوسەرەکانیان شاد ببنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، بەم شێوەیە چیرۆکەکەیان کۆتایی هات بە لەدەستدانی گیانیان لە بەلەمەکەدا کە لە کەناراوەکانی یۆنان نوقم بوو.

هاوڕێیەکی ئەو دوو گەنجەی بە ناوەکانی محەممەد ئەسعەد و محەممەد عەبدولعال، کە دانیشتووی کەمپی دەرعایە، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە بە گریانەوە چاوەڕێی هەر هەواڵێکن دەربارەی منداڵەکانیان، خەونیان بە هاتنی خۆیانەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە دەبینی تا ژیانێکی باشتر بۆخۆیان دابین بکەن، بەڵام ئێستا ئەوانن چاوەڕێی هەواڵی مانەوەیان و گەڕانەوەیانن بۆ لای خۆیان، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە رێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکێک لە رزگاربووەکان، کە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو دوو گەنجە لەناو بەلەمەکەدا بوون کە نوقم بووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 14/6/2023، بەلەمێکی ماسیگرتن کە لە نێوان 500 بۆ 700 کەسی هەڵگرتبوو، لەنێویاندا نزیکەی 100 کەسیان منداڵ بوون، لە دەریای ناوەڕاست لە کەناراوەکانی نیمچە دوورگەی پێلۆپۆنیزی یۆنان نوقم بوو، 107 کەس رزگارکراون و 34 کەسی دکە مردوون، ئەوانی تر هەموویان بێسەروشوێنن.