لە سلێمانی یه‌كه‌مین دیداری شاعیر له‌تیف هه‌لمه‌ت بۆ ئه‌ده‌بی منداڵان بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر

لە سلێمانی یه‌كه‌مین دیداری شاعیر له‌تیف هه‌لمه‌ت بۆ ئه‌ده‌بی منداڵان بەڕێوەچوو. لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر بەرەوپێشبردنی ئه‌ده‌بی منداڵان و لەڕێگەی چەند پانێلەکەوە، ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ئەدەبی منداڵان تاوتوێکران.

له‌تیف هه‌لمه‌ت، یەکێکە لە کەسە دیارەکانى هۆنراوەى نوێى کوردى کە زۆرینەى پەخشانە هۆنراوەکانى لاى هەموان ئاشنایە و لە پاڵ نووسینى شیعر بۆ بوارە جیاوازەکان ئەدەبى منداڵانى لە یاد نەکردووە و هەموو کات هەوڵى بۆ ئەوەداوە داهێنان لەو بوارەدا بکات و بە یەکێک لە پێشەنگانى ئەدەبى منداڵان دادەنرێت.

له‌تیف هه‌لمه‌ت گوتی: "هەموو کەسێک دەتوانێت بنووسێت، چیرۆک بۆ منداڵان بنووسێت و شیعر بۆ منداڵان بنووسێ یان 10 شیعر و چیرۆک بنووسێ ئەوە گرنگ نییە گرنگ ئەوەیە شتێکى نوێ بۆ منداڵ ببەخشی نەک لاسایی پێش خۆت بکەیتەوە و هەمیشە بە شێوازێکى دیکە ئەو شعرانە بڵێیتەوە کە 10 ساڵ و 50 ساڵ پێش تۆ نووسراوە."

ئەدەبیاتى منداڵان باشترین رێگەیە بۆ پەروەردەکردنى منداڵان ئەویش لە رێگەى گرنگیدان بە شیعرو چیرۆکى منداڵان کە ئەمە لە نێو دیدارەکە جەختى زۆرى لێکرایەوە و ئامادەبوونى منداڵانیش لە نێو دیدارەکە هاندەر بوو بۆ ئەوەى نەوەکانى ئایندە گرنگى بە ئەدەبى خۆیان بدەن.

شازاد سەرکەوت یەکێکە لەو منداڵانەی بەشداریی لە دیدارەکەدا کردووە و دەڵێت، "حەزم لە کتێبخوێندنەوەیە بۆ ئەوەى دوور بکەومەوە لەمۆبایل و تەلەفزیۆن حەزم لە شیعر خوێندنەوەیە ئێستا ڕۆژانە کتێبى گەڕان بەدواى نهێنیەکان لەگەڵ نەنکم ناوى منى لە بیر کردووە دەخوێنمەوە."

پەیام ئیبراهیم یەکێکە لە پانێلستەکانی دیدارەکە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئەگەر سەیرى پڕۆگرامەکانى خوێندن بکەى لە شیعرەوە لە چیرۆکەوە هەموى بابەتى ئەدەبین ئەدەب و پەروەردە ئامانجی منە کە ئاستى بەرز بکەمەوە لە ڕابردووا دیداریکى ترمان کرد کە دیدارى ئەدەبیاتى منداڵانە یان پەروەردە و ئەدەبمان تێکەڵ کرد، چونکە دوو هاوکێشەن هەرگیز لەیەک دانابڕێن پەروەردە و ئەدەب دەتوانین لە رێگاى چالاک کردنى کتێبخانەى ناو قوتابخانەکان کە وەزارەتى پەروەردە گرنگى زیاترى پێبدات."

کاروانى ئەدەبیاتى منداڵان لە باشوورى کوردستان هیچکات نەوەستاوە ئەم ڕەوتە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ باشتر بووە هەر چەندە هەندێ لاوازى و کەم و کوڕی هەیە کە بەشداربووانى دیدارەکە دەخوازن ئاوڕێکى باشترى لێ بدرێتەوە وەک لەتیف هەڵمەتى شاعیر دەڵێت "گرنگ نییە چەند دەنوسى گرنگ ئەوەیە چۆن دەنووسى بە تایبەت بۆ منداڵان کە لە رێگەى ئەم جۆە دیدارانە دەتوانێت تا ڕادەیەک ئەدەبى منداڵان بە تایبەت لە ناوەندەکانى خوێندن پەرەى زیاترى پێبدرێت ."