تەنیا لەم مانگەدا تورکیا زیاتر لە پێنج هەزار کۆچبەری نایاسایی دیپۆرت کردووەتەوە

پۆلیسی تورکیا ژمارەیەک کۆچبەر دەپشکنن
پۆلیسی تورکیا ژمارەیەک کۆچبەر دەپشکنن

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تەنیا لە مانگی حوزەیراندا تاوەکو ئێستا زیاتر لە لە پێنج هەزار کۆچبەری نایاسایی دیپۆرت کراونەتەوە.

فەرمانگەی کۆچی تورکیا رایگەیاند، تەنیا لەماوەی هەفتەی رابردوودا دوو هەزار و 253 کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە.

لەراگەیەندراوێکدا فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 9 بۆ 15ـی ئەم مانگە سێ هەزار و 125 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستگیرکراون و دوو هەزار و 253 کۆچبەریش دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کراون کە زۆرینەیان هاووڵاتی ئەفغانین و لە پلەی دووەمیشدا هاووڵاتی پاکستانی دێن.

هەفتەی رابردووش لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی کۆچی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاشکرای کرد، لەماوەی یەک هەفتەدا دوو هەزار و 825 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراوە و هەزار و 212 کۆچبەری دیکەش دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کراون، کە 773 کەس لە دەستگیرکراوان هاووڵاتی ئەفغانستان و 56ـیان پاکستانی و هەزار و 996 کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکە بوون.

هەروەها ئامارەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە ماوەی شەش مانگی ئەم ساڵدا 44 هەزار و 802 کۆچبەری نایاسایی رەوانەی وڵاتی خۆیان کراون، هاوکات رێگری لە 112 هەزار و 418 کۆچبەری نایاساییش کراوە و رێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو سنووری تورکیایەوە.

ساڵانە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ناوەڕاستی ئاسیا بەتایبەتی ئەفغانستان و پاکستان هەروەها عێراق، ئێران و سووریا، بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە بەشێوەی نایاسایی کۆچ دەکەن بۆ تورکیا یاخود لە تورکیاوە بەشێوەی نایاسایی هەوڵی دەربازبوون بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵانە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی زستان تا کۆتایی وەرزی پاییز، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران روو لە تورکیا دەکەن، بەهۆی ئەوەی پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی دەریاوە زیاتر دەبێت کە لە وەرزی سەرمادا ناتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی لە سنوورەکان بمێننەوە و لە رێگەی دەریاوە کۆچ بکەن.