گوتەبێژی حکومەت لەبارەی دابەشکردنی مووچە زانیاری دەخاتەڕوو

مووچە
مووچە

K24 – هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان دابەش بکەن.

جووتیار عادل، بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا گرفتەکان چارەسەر بکەن، تا بتوانرێت پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەش بکرێت".

رۆژی یەکشەممە 18ی حوزەیرانی 2023، دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش کرا، ئەمڕۆش مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

رۆژی 15ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار لە رێگای بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.