زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق کار دەکەن

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌ی كرێكارانی بیانی له‌ عێراق ملیۆنێك كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌ و كۆی ئه‌وانه‌ی به ‌فه‌رمی له‌ عێراق كارده‌كه‌ن نزیكه‌ی 71 هه‌زار كرێكاره‌.

نه‌جم عیقابی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هه‌رچه‌نده‌ ئامارێكی دروستیان له ‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام له‌ سه‌رژمێرییه‌كدا ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌ عێراق به ‌فه‌رمی مۆڵه‌تی كاركردنیان وه‌رگرتووه‌ 71 هه‌زار و 146 كه‌سه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق ئاشكرایكردووه‌، زیاتر له‌ ملیۆنێك كرێكاری بیانی له ‌عێراقدا كار ده‌كه‌ن، كه‌ به‌شێكی زۆریان نایاسایین، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بازاڕی كاری عێراق دروستكردووه‌.

وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، هه‌وڵده‌ده‌ن كاری كرێكارانی نایاسایی له‌ عێراق رێكبخه‌نه‌وه‌.