کیم یۆ جۆن: بەمزووانە مانگی دەستکردی سیخوڕی دەنێرینە بۆشایی ئاسمان

K24 - هەولێر

پیۆنگ یانگ رایگەیاند، هەڵدانی یەکەمین مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازی کۆریای باکوور و کەوتنەوە خوارەوەی هەڵەیەکی گەورەبوو، ئاماژەی بەوەشکرد، بەنیازە لە زووترین کاتدا هەوڵێکی نوێ بدەن بۆ هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازی کۆریای باکوور.

پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: شکستی هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازی لە 31ی ئایاردا هەڵەیەکی گەورە بوو، کە گرنگترین پڕۆژەی ستراتیژییە لە بواری گەڕان لە بۆشایی ئاسماندا، هەروەک چۆن رەخنەی توندی لێگیرا هەڵەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو کارمەندانەی کە بەرپرسیارن لە ئامادەکاری بۆ هەڵدانی مووشەکەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە شکراوە، هۆکاری شکستی هەڵدانی ئەم دواییە شیکاری بۆ دەکرێت، هاوکات جەخت لەوە دەکرێتەوە کە هەڵدانی سەرکەوتووانەی مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازی بە زووترین کات دەستپێدەکات.

کیم یۆ جۆنگ، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور و جێگری بەڕێوەبەری کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، پێشتر پشتڕاستی کردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ناردنی مانگی دەستکرد و بەم زووانە دەیخاتە خولگەی بۆشایی ئاسمانەوە.

هەردوو وڵاتی ژاپۆن و ئەمەریکا ئیدانەی هەڵدانی مانگی دەستکردی کۆریای باکوریان کرد، بەو پێیەی ژاپۆن پێیوابوو کە کۆریای باکوور بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە بە هەڵدانی "مووشەکی بالیستیک"، دوای ئەوەی کۆریای باکوور رایگەیاند، کە مووشەکێکی بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵداوە بەڵام هەوڵەکە شکستی هێناوە.

هەروەها کۆشکی سپی ئیدانەی هەڵدانی ئەو موشەکەی کرد کە لەلایەن کۆریای باکوورەوە هەڵدرا بۆ بۆشایی ئاسمان، هۆشداریشیدا لەوەی ئەو هەنگاوە گرژیەکان زیاتر بەرزدەکاتەوە.