وێنەکانی قوربانیدان و بەرگریی پێشمەرگە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا نمایش دەکرێن

پێشمەرگە
پێشمەرگە

K24 – هەولێر

وێنەکانی هونەرمەند یونس محەممەد کە باس لە ئازایەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، لە زنجیرە پێشانگایەک لە ئەمەریکا نمایش دەکرێن، یەکێک لەو شوێنانەی وێنەکانی لێ نمایش دەکرێن باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکایە.

پێشانگاکە لە سێ بەشی جیاواز پێکدێت کە برینتین لە: بەرگری و قوربانییدانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕ دژی داعش، ژیان و مێژووی گەلی کورد و کوردستان، هەروەها رەوش و بارودۆخی بریندارانی جەنگ دژی داعش.

لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوو، پێشانگاکە لە شاری ناشڤیڵی ویلایەتی تێنەسی لە ئەمەریکا دەست پێدەکات، لە کاتژمێر 10 بەیانی تا 4ی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.

ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی کورد لە شاری ناشڤیڵی، نیشتەجێن، بۆیە شارەکە بە "کوردستانی بچووک" ناسراوە، بڕیاریشە لە ئایندەدا بە فەرمی ببێت بە دەستە خوشکی هەولێری پایتەخت.

بەگوێرەی خشتەکە رۆژی 28ی ئەم مانگە، پێشانگاکە لە باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا ساز دەکرێت لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، بڕیارە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر بەردەوامبێت.

 بۆ دووەمین جارە پێشانگای ئەو هونەرمەندە لە باڵەخانەی کۆنگرێس دەکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەک لە کەسانی پلە باڵا بەشداری ئامادەی پێشانگاکە بن.

لە رۆژی 29ی حوزەیرانی 2023، پێشانگای هونەرمەند یونس محەممەد لە باڵەخانەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەکرێتەوە.

هونەرمەند یونس محەممەد، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "هیوادارم ئەم کارە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەک بە تایبەت پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی دژ بە داعش بێت کە مایەی سەربەرزی هەموو کوردستانن".

.