نەتەوە یەکگرتووەکان: وڵاتێکی عەرەبی لە دوای ئەوروپا زۆرترین پەنابەری تێدا نیشتەجێن

K24 - هەولێر

لە راپۆرتێکدا کە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، وڵاتێکی عەرەبی لە پلەی دووەمی جیهاندایە لە رێژەی پەنابەران بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی، کە لە هەر حەوت کەسێک یەکێک پەنابەرە.

راپۆرتەکە بەناونیشانی "ئاراستەی جیهانی، ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە ساڵی 2022"دا هاتووە، لوبنان لە پلەی دووەمی جیهاندایە لە رێژەی پەنابەران بە بەراورد بە دانیشتوانەکەی، لەگەڵ رێژەی پەنابەران بۆ هەر حەوت هاووڵاتییەک یەکێک پەنابەرە، هەروەها لە دوای ئەوروپا کە لە هەر شەش هاووڵاتییەک یەکێک پەنابەرە، لە دوای ئەو کوراساو دێت بۆ هەر 14 هاووڵاتییەک یەکێک پەنابەرە، دواتر ئوردن و تورکیا لە ریزبەندییەکە لە چوارەم و پێنجەم دێن.

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی پەنابەران لە لوبنان لە ساڵی 2022دا، بۆ 818 هەزار و 900 پەنابەر دابەزیوە، لەکاتێکدا رێژەی پەنابەران 845 هەزار و 900 پەنابەر بووە لە ساڵی 2021.

راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە سەرانسەری جیهان لە دوای سەرکوتکردن و شەڕ و توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دەشڵێت: جارێکی دیکە ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی مێژوویی کە 108.4 ملیۆن کەس بووە تا کۆتایی ساڵی 2022 لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا 89.3 ملیۆن کەس بووە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ژمارەی ئاوارەکان لە سەرانسەری جیهاندا دابەشکراوە بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا: ئاوارەکانی ناوخۆ (62.5 ملیۆن کەس، 60.56%)، پەنابەران (35.3 ملیۆن کەس؛ 34.21%)، پەناخوازان (5.4 ملیۆن کەس؛ 5.23%).

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی پەنابەران لە سوریا (6.6 ملیۆن پەنابەر)، ئۆکرانیا (5.7 ملیۆن پەنابەر)، ئەفغانستان (5.7 ملیۆن پەنابەر)، ڤەنزوێلا (5.5 ملیۆن پەنابەر)، باشووری سوودان (2.3 ملیۆن) و میانمار (1.3 ملیۆن) .