قائیمقامی هەولێر: رێگە نادەین یەک کیلۆ گۆشتیش بەبێ مۆڵەتی ڤێرتەرنەری بێتە ناو هەولێر

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر

K24 - هەولێر

قائیمقامی هەولێر رایدەگەیەنێت، سزای ئەو کەسانە دەدەن کە ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان سەردەبڕن. لەبارەی ئەو گۆشت و ئاژەڵانەش کە لەنێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆیان پێدەکرێت، ئاماژەی بەوە دا، رێگە نادەن "یەک کیلۆ گۆشتیش بەبێ مۆڵەتی ڤێرتەرنەری بێتە ناو هەولێر."

ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی حوزەیرانی 2023، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 لەبارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، رایگەیاند، هەڵمەت و رێکارەکانیان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە تووندتردەکەن و سەرپێچیکاران سزا دەدەن.

وەکو ئەوەی قائیمقامی هەولێر ئاماژەی پێدا، "ئەو هاووڵاتییانە دەستگیردەکرێن کە ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان سەردەبڕن و دەبنە هۆی مەترسیی لەسەر ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییان. نەخۆشییەکە مەترسیدارە و پێویستە هاووڵاتییان ترسییان لێی هەبێت بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن". قائیمقامی هەولێر هۆشدارییشی دایە هاووڵاتییان کە نابێت گۆشت لە هەموو شوێنێک بکڕن و پێویستە تەنها لە شوێنی باوەڕپێکراو بکڕدرێت.

لەبارەی ئەو ئاژەڵانەی لە رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان سەردەبڕدرێن، نەبەز عەبدولحەمید دووپاتیکردەوە، پێویستە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت، نابێت تووشی نەخۆشییەکە بن و پێویستە لە سەربڕخانەکان سەریان ببڕدرێت، بەپێچەوانەوە مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەبێت. گوتیشی، "بەگوتەی پزیشیکان لە 10 تووشبووی نەخۆشی تایخوێبەربوون، پێنجیان گیانلەدەستدەدەن، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین پابەندی رێنماییەکان بن".

قائیمقامی هەولێر هەروەها گوتی، "ئەو گۆشتەی بە فەرمی لە سەربڕخانەکان دێت و مۆری پێوەیە، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە هیچ ترسێکیان لێ نەبێت، بەڵام ئەوەی لە هەمووی مەترسیدارترە، ئەو گۆشتەیەیە کە لەسەر شەقامەکان سەردەبڕێت و تەندروست نییە".

لەبارەی هاتووچۆپێکردنی ئاژەڵ و گۆشت لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، نەبەز عەبدولحەمید رایگەیاند، "هیچ کەسێک بۆی نییە بەبێ رەزامەندی ڤێرتەرنەری گۆشت و ئاژەڵ لە پارێزگاکانی عێراقەوە بێنتە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. هەرکەسێک رەزامەندی و نووسراوی فەرمی ڤێرتەرنەری پێبوو، دەتوانێت گۆشت بێنێت، بەپێچەوانەوە رێگەنادرێت یەک کیلۆ گۆشتیش بێتە ناو هەولێر و هیچ پارێزگایەکی دیکە."

تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؛ دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی مردن. 

ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە؛ هەربۆیە ناوی لێنرا تای خوێنبەربوونی کریمیا؛ لە ساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە و لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن؛ بۆیە زۆرجار لەگەڵ ناوەکە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە دەلکێندرێت.

 

 

لەماوەی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی لە تای خوێنبەربوون وەزارەتی تەندروستی چەند رێوشوێنێکی راگەیاند.

لە نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بەسەرەوەیە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی کردووە، چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خۆێنبەربوون کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە، لەبەر تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی پشتڕاستکراو لە هەندێک پارێزگای هەرێمی کوردستان پێویستە ئەم شوێنانە بگیرێنەبەر:

1-سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەمووشێوەیەک قەدەغەیە و تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت.

2- پابەندبوونی قەسابەکان بە لەبەرکردنی کەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەبەرکردنی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵان یان گۆشت و خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، لەکاتی سەرپێچی بە توندی سزادەدرێن.

3- دوای سەربڕین ئاژەڵ دەبێ شوێنەکە پاک بکرێتەوە و بە بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر.

4-پێویستە هاووڵاتییان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستکێش لە دەست بکەن و ئاگاداربن دەستیان بریندار نەبێت و تەختەی لەتکردنی گۆشت جیاواز بێت لە هی سەوزە، پاشان شوێنەکە بە ئاوی گەرم و پاکبکرێتەوە.

5- لەبەرکردنی جلی قۆڵ درێژ و رەنگی کاڵ لەکاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەکان تێیدا بڵاوە، بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە دروورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ.

6- بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن دەربارەی رێکارەکانیان سەبارەت بە رشاندنی ئاژەڵان بە قڕکەر.

7-جەخت کردنەوە لە کاری پتەوکردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە رێگەی هەڵمەتی جیاواز و بڵاوکردنەوەی رێنمایی بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری دروست.

8- جێبەجێکردنی چالاکییەکانی رشاندنی شوێنی گەنەکان بە گوێرەی پلانی ساڵانەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.

9- پابەندبوونی کارمەندانی تەندروستی بە لەبەرکردنی کەرەستەی خۆپارێزی کەسی بەشێوەیەکی زانستی دروست.