ئاسایشی گشتی - هه‌ولێر: سێ تۆمه‌تباری ساخته‌كردنی دراوی دۆلار و دینار ده‌ستگیركران
K24 - هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابووری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی - هه‌ولێر، سێ كه‌س به تۆمه‌تی دروستكردنی دۆلار و دیناری ساخته ده‌ستگیرده‌كات.
له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ئاسایشی گشتی هه‌ولیردا هاتووه: دوای به‌دواداچوون و چاودێریكردنی ورد، هێزه‌كانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابووری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی - هه‌ولێر، دوای وه‌رگرتنی بڕیاری به‌ڕێز دادوه‌ر، له ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌ت و سه‌ركه‌وتوودا، توانیان سێ تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی دروستكردنی دۆلار و دیناری عێراقی ده‌ستگیربكه‌ن.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: دوای ده‌ستگیركردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه، ده‌ستبه‌سه‌ر پاره ساخته‌كان و گشت كه‌لوپه‌له‌كانی ساخته‌كردنی دراو و دوو قاڵبی زێڕ و پارچه‌یه‌كی شوێنه‌وار دا بگرن و پاشان په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كرایه‌وه و ره‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگا ده‌كرێن.
ئاسایشی گشتی هه‌ولێر هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كاته‌وه، كه هێزه‌كانیان چاوكراوه‌ن بۆ پاراستنی سه‌رو ماڵیان.