ئەنتۆنی بلینکن: لەگەڵ چین لەسەر پێویستی سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانمان هاوڕاین

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

K24 - هەولێر:

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ سەرکردایەتی چین لەسەر پێویستی سەقامگیری لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان هاوڕابوون.

بلینکن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای گفتوگۆکانی دوو ڕۆژە لە پەکین گوتی: "لە هەموو کۆبوونەوەکەدا جەختم لەوە دەکردەوە کە بەشداریکردنی راستەوخۆ و پەیوەندی بەردەوام لەسەر ئاستە باڵاکان باشترین رێگەیە بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانە جیاوازییەکان و دڵنیابوون لەوەی کە کێبڕکێ نەگۆڕێت بۆ ململانێ".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمان شت لە هاوتا چینییەکانم بیستووە، هەردووکمان لەسەر پێویستی سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانمان هاوڕان".

رۆژی هەینی (16ــی حوزەیرانی 2023)، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئامانجی سەردانەکەی بۆ وڵاتی چین بۆ ئەوەیە هەردوو وڵات بتوانن پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەڕێوەببەن و دوور بکەونەوە لە لێکدانەوەی هەڵە".

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین  هەینی رایگەیاند، دەرگای چین هەمیشە کراوەیە بۆ گفتوگۆگان لەگەڵ ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەرگیز نەوەستاون.

وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە چین و ئەمەریکا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و یەکسانی پەرەپێبدەن.

\
a
.