ستیڤ لووتس: یەکێک لەفاکتەرە سەرەکییەکانی هاتنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بوونی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بە گرنگ وەسفکرد. جەختیشی، لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێک بەبۆنەی کردنەوەی بڕاند و وێبسایتی ئینڤێست کوردستان، رایگەیاند، "ئێمە جەختمان لەسەر کەرتی کشتوکاڵە و یەکێک لەفاکتەرە سەرەکییەکانی هاتنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بوونی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە".

هەروەها راشیگەیاند، خۆشحاڵین کە کۆمەڵێک کۆمپانیای بواری کشتوکاڵی لەگەڵ ئێمە بەشدارن، لە بواری خۆراک و بەرهەمهێنان کشتوکاڵی و کۆگاکردن و دابەشکردنی بۆ چێشتخانەکان، هەروەها تیمەکە 14 کۆمپانیا و 24 بازرگان تێدا بەشدارن.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیشی، لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

ستیڤ لووتس، گوتیشی: ئەو شاندەی کە لەگەڵ ئێمەیە وەڵامێکە بۆ ئەو خواست و ئەو روئیایەی کە سەرۆکی  حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان هەیەتی و ئەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان خاکی دەرفەتەکانە.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەشڵێت: "هیوادارم بتوانین پێکەوە پلاتفۆڕمێکی کارکردن دروستبکەین بە تایبەتی لە بڕاندنی ئینڤێست کوردستان، بۆ ئەوەی بە یەکەوە ببینە هاوبەشێکی سەرەکی و هەوڵبدەین وەبەرهینان لە کوردستان بکەین ببینە فاکتەر و هاندەر بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت لە کوردستان کاربکەن".