پاسەوانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەرازیل لە تونس بە چەقۆ کوژرا

K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە پاسەوانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەڕازیل لە تونس لەلایەن هێرشبەرێکەوە بە چەقۆ کوژرا. هاوکات وەزارەتی ناوخۆی تونس، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکە "پەیوەندی بە تیرۆرەوە نییە".
فاکر بوزغایا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تونس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، پاسەوانەکە بریندار بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەر زوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە کارێکی تاوانکارییە و هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە نییە". گوتیشی: هێرشبەرەکە تووشی "تێکچوونی دەروونی" بووە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێرشبەرەکە دوای ئەوەی تەقە لە قاچی کراوە بریندار بووە و دەستگیرکراوە، هەروەها هێرشبەرەکە کە تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە.
دوای راپەڕینی جەماوەری لە تونس لە ساڵی 2011 کە رژێمی زێن عابدین بن عەلیان کۆتایی پێهێنا، وڵاتەکە شایەتی بووژانەوەی چالاکیی گروپە جیهادییەکان بوو.
چەندین هێرش کە لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجامدراون، بەهۆیەوە دەیان گەشتیار و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەستداوە، دەسەڵاتداران دەڵێن: لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە لە شەڕی دژی جیهادییەکان.
هەروەها مانگی رابردوو، پاسەوانێکی ئاسایش لە دەرەوەی کەنیسەیەک لە دورگەی جربە لە وەرزی زیارەتکردنی جولەکەکاندا تەقەی کرد و بەهۆیەوە سێ هاوکار و دوو سەردانیکەری ئیسرائیلی و فەرەنسی کوژران.
