لیژنەی بەرگری پەرلەمانی سوید هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان رووسیا و سوید بەدوورنازانێت

یەکەیکی سوپای سوید
یەکەیکی سوپای سوید

K24 - هەولێر:

میدیاکانی سوید راپۆرتێکی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان بڵاوکردەوە کە تیایدا باس لەوەدەکات، پێویستە هەرچی زووە سوید پەیوەندی بە ناتۆوە بکات، چونکە لەدوای ئۆکرانیا، دوور نییە رووسیا هێرش بۆ سەر سوید دەستپێبکات.

بەپێی راپۆرتەکە، ویستەکانی چین بۆ فراوانبوون و داگیرکارییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا وایکردووە، بەکارهێنانی زمانی چەک ببێتە ئەگەرێکی کراوە.

راپۆرتەکەی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی سوید ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە سوپای سوید سەربازی زیاتر وەربگرێت، بەجۆرێک ساڵانە لەجێگەی پێنج  بۆ شەش هەزار ، دەبێت 10 هەزار کەس پەیوەندی بە سوپای سویدەوە بکەن.

دوای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی رابردوو، سوید و فینلاند کە هەردووکیان سنووری ئاوییان لەگەڵ رووسیادا هەیە، بڕیاریان دا بۆ پاراستنی خۆیان پەیوەست بە ناتۆوە بن.

لە 19ـی نیساندا، تەلەڤزیۆنەکانی دانمارک، نەروێژ، سوید و فینلاند بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە رووسیا ئامادەکاری بۆ تێکدانی تۆرباینەکانی با، بۆری غاز و کێبڵی کارەبا و ئینتەرنێت لە دەریای باکوور، دەکات.

پێشتر سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین گوتبووی: ''پەیوەست بوونی سوید و فینلاند بە ناتۆ هیچ مەترسییەکی بۆسەر رووسیا نابێ، به‌ڵام ئەگەر ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ژێرخانی سەربازی لەو دوو وڵاتە بەهێز بکات، مۆسکۆ وەڵامی دەداتەوە''

لە بەندی 5ی هاوپەیمانێتی ناتۆدا هاتوە کە هێرش بۆ سەر هەر وڵاتێکی ناتۆ وەکوو هێرشکردنە بۆ گشت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ.