ژێردەریاییەکی گەشتیاری لە نزیک پاشماوەی تایتانیک دیار نامێنێت

K24 - هەولێر:

پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا و کەنەدا بەدوای ژێردەریاییەکی گەشتیاریدا دەگەڕێن کە بۆ سەردانیکردنی پاشماوەی کەشتی تایتانیک چووەتە زەریای ئەتڵەسی لە کەناراوەکانی ئەمریکای باکوور.

بە گوێرەی هەواڵی میدیا ئەمەریکی و رۆژئاواییەکان، ژێردەریاییە گەشتیاریەکە قەبارەی بچووکە و پێنج سەرنشینی تێدایە و لە پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەوە دیار نەماوە.

ئاماژە بەوەشدرا، یەکێک لەو پێنج سەرنشینە هامیش هاردینگی (58 ساڵ)ـە کە ملیاردێرێکی بەریتانیە و سەرۆکی کۆمپانیای (ئاکشن ئەڤیەیشن)ـی تایبەت بە فرۆشتنی فڕۆکەیە.

هامیش هاردینگ
هامیش هاردینگ

هەروەها سەرمایەداری پاکستانی، شەهزادە داود (48 ساڵ) و کوڕەکەی سولەیمان داود (19 ساڵ) کە نیشتەجێی بەریتانیان، دوو لە سەرنشینانی ژێردەریاییەکەن.

شازادە داود
شازادە داود

جۆن ماوگەر، دەریاوان لە پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو ناوچەیەی ژێردەریاییەکە بۆی چووە، ناوچەیەکی ئاڵۆز و دوورە دەستە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئۆکسجینی ناو ژێردەریاییەکە بۆ ماوەی 70 کاتژمێری دیکە یان چەند کاتژمێرێک زیاتر بەردەوام دەبێت.

کەشتی تایتانیک لە بەندەری ساوسهامپتن لە 10ـی نیسانی 1912 لە یەکەم گەشتیدا بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت، بەڵام لە رێگادا کەشتیەکە بەر شاخێکی سەهۆڵین دەکەوێت و نوقمی نێو زەریا دەبێت، لەو رووداوەدا لەکۆی 2240 سەرنشین لەنێو کەشتیەکە، 1500 کەس گیانیان لەدەست دا.

تایتانیک کە ئەوکاتە گەورەترین کەشتیی جیهان بووە، لە ساڵی 1985 بە دووری 650 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کەنەدا، لە قووڵایی چوار هەزار مەتر لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی زەریای ئەتڵەسی دۆزرایەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا گەشتیاران و راوچی گەنجینەکان سەردانی دەکەن.