وۆڵ ستریت جۆرناڵ: واشنتن لەگەڵ کوبا لە گفتوگۆدایە بۆ رێگریکردن لە دامەزراندنی ناوەندێکی مەشقی چینی

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کوبا بۆ رێگریکردن لە رێککەوتنێک بۆ دروستکردنی ناوەندێکی مەشقی سەربازی چینی لەو دوورگەیەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ــی حوزەیرانی 2023)، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردوە "پەکین بەنیازە دامەزراوەیەکی نوێی مەشق و راهێنان لە کوبا دابمەزرێنێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هێزەکانی چینی لەبەرامبەر ئەمەریکادا، بەڵام ئیدارەی بایدن خێرا ئاواتەکانی چین لە کاریبی پووچەڵ دەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، چین و کوبا دانوستان دەکەن بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێی مەشقی سەربازی هاوبەش لە دوورگەکەدا، ئەمەش نیگەرانی واشنتۆنی زیادکردووە لەوەی کە دەتوانێت ببێتە هۆی جێگیرکردنی هێزەکانی چین و ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دیکە کە تەنها 100 میل لە کەناراوەکانی فلۆریدا دوورە.

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردوەتەوە، کوبا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی رێگە بە چین بدات دامەزراوەیەکی سیخوڕیکردن لەسەر دوورگەکە دروستبکات کە دەتوانێت رێگە بە چینییەکان بدات گوێ لە پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان بگرن لە سەرانسەری باشووری رۆژهەڵاتی ئەمەریکادا.