ئێران، کۆچی نایاسایی بە سیاسەتە هەڵەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا دەزانێت

K24 – هەولێر:

ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەرامبەر بە نقومبوونی کەشتییەكی كۆچبەران لە ئاوەكانی یۆنان و خنكانی چەندین كۆچبەر كاردانەوەی نیشاندا و رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا ناتوانن خۆیان بە نابەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە قەیرانی كۆچبەران.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ــی حوزەیرانی 2023)، ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا ناتوانن خۆیان بە نابەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە قەیرانی كۆچبەران، چونکە زۆرێک لە کۆچی نایاسایی لە ئاسیا و ئەفریقاوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا رەگ و ریشەی لە سیاسەتە هەڵەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەم ناوچانەدا هەیە.

چوارشەممە (14ــی حوزەیرانی 2023)، بەپێی دوایین ئاماری پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان کە بڵاویکردووەتەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە نیمچە دورگەی پێلۆپۆنیز لە باشووری رۆژئاوای یۆنان نوقم بووە و 79 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کۆچبەری یۆنان، بەلەمەکە کە سەدان کۆچبەری هەڵگرتبوو، بە دووری 47 میل دەریایی لە کەناراوەکانی یۆنان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا وەرگەڕاوە، هەروەها 104 کەسیش رزگارکراون، کە چوار کەسیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە لە شارۆچکەی کەلاماتای ​​باشووری پیلۆپۆنێس.

بەگوێرەی "Alarm Phone" کە رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنییە، بەلەمەکە لە رۆژهەڵاتی لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و نزیکەی 700 کۆچبەری تیادا بووە، هەروەها باس لەوەش دەکرێت، کە کۆچبەرەکان هاووڵاتیی وڵاتانی سووریا، فەلەستین، ئەفغانستان و پاکستان بوون.

كاتەرینا ساكێلارۆپولو، سەرۆک کۆماری یۆنان،  بۆ پشتیوانیکردنی کۆچبەرەکان دەچێتە شاری کالاماتا.

لەلایەکی دیکەوە، ئالێکسیس چیپراس، سەرکردەی هاوپەیمانی چەپڕەوی توندئاژۆی یۆنان(SYRIZA)، لەبارەی رووداوەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیوویەتی: "لە ئێستادا پێویستە مرۆڤایەتی بخرێتە پێش هەموو شتێکەوە و لەپاڵ ئەو کۆچبەرانەدا بین کە لە رووداوەکەدا رزگاریان بووە".