ئه‌فغانستان.. كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی كووشتنی پێنج كه‌س به‌ ئاشكرا و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ له‌سێداره‌ درا

K24 - هەولێر:

به‌ تۆمه‌تی كوشتنی پێنج كه‌س، ده‌سه‌ڵاتدارانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان تۆمه‌تبارێكیان له‌ گۆره‌پانی (مه‌سجد) له‌ ویلایه‌تی لوغمانی ئه‌فغانستان گوللـه‌بارانكرد، كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م حاڵه‌تی له‌ سێداره‌دانه‌ دوای ئه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ مانگی ئابی 2021 ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌وه‌ ده‌ست.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان، تۆمه‌تبارێك به‌ كوشتنی  پێنج كه‌س تۆمه‌تباركراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌به‌رده‌می خه‌ڵك گولـله‌بارانكرا، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، (ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ببێته‌ په‌ند و وانه‌ بۆ كه‌سانی دیكه‌).

پرۆسه‌ی له‌ سێداره‌دان له‌ سه‌رده‌مانی ساڵانی 1996 تا 2001 له‌ ئه‌فغانستان له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانه‌وه‌ به‌ربڵاوبوو، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان، دووباره‌ ده‌ستیانكردووه‌ته‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ی له‌ سێداره‌دان، كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌مین حاڵه‌ته‌ له‌ وه‌ته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان جێبه‌جێكرا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا ئه‌فغانییه‌كان، بكوژ ناوی (ئه‌جمه‌ل بن نه‌سیم)ـه‌ و‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ كووشتنی پێنج كه‌س.

به‌رپرسانی به‌شی راگه‌یاندن و رۆشنبیری له‌ ویلایه‌تی لوغمان رایانگه‌یاندووه‌، نزیكه‌ی 2000 كه‌س له‌كاتی جێبه‌جێكردنی بڕیاری له‌ سێداره‌دانی (ئه‌جمه‌ل بن نه‌سیم) ئاماده‌بوون، به‌تایبه‌ت كه‌سوكاره‌ نزیكه‌كانی.

به‌رپرسانی تاڵیبان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان حوكمی شه‌رعییان جێبه‌جێكردووه‌، كه‌ به‌ پێی بڕیارێكی هیبه‌توڵڵا ئاخوندزاده‌، ده‌بێت بڕیاره‌كان له‌ ته‌واوی بواره‌كاندا جێبه‌جێ بكرێن.

شایه‌تحاڵێك به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه‌، كه‌سه‌كه‌ وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كراوه‌، ره‌تی داوای كه‌سوكاریشی كرایه‌وه‌، كه‌ لێیی ببورن.

ئه‌و شایه‌تحاڵه‌ هه‌روه‌ها گوتی: "پێموابێ له رێگه‌ی‌ شه‌ش گولـله‌وه‌ ناوبراو له‌ سێداره‌ درا و یه‌كڕاست خرایه‌ نێو ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن و گوازرایه‌وه‌ شوێنیكی نادیار".

رۆژی (29ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020) له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئه‌فغانستان رێككه‌وتنی واژوو كرد.

بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ 1996دا ده‌ركه‌وت و زیاتر له‌ سه‌دا 80ی خاكی ئه‌فغانستانی كۆنترۆڵ كرد و ئیماره‌تێكی ئیسلامی له‌ ئه‌فغانستان راگه‌یاند و ته‌واوی هێز و گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی ئه‌فغانستانی له‌ دۆڵی بانشیر گه‌مارۆ دابوو.

به‌ هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی تاوه‌ره‌ بازرگانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن رێكخراوی قاعیده‌ و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی به‌ ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كان تۆمه‌تبار كرد و داوایكرد، تاڵیبان ئوسامه‌ بن لادن راده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بكات، به‌ڵام مه‌لا عومه‌ری ئه‌میری پێشووتری بزووتنه‌وه‌كه‌ ره‌تیكرده‌وه‌، بن لادن راده‌ست بكات  و رایگه‌یاند، بن لادن میوانی خۆشه‌ویستی ئه‌فغانستانه‌.

به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان ده‌ستپێكرد و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان له‌ كابول هێنا.

سه‌ره‌ڕای پێكهێنانی حكومه‌تی كابول و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام بۆ كشانه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌دا ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌ستیی به‌ دانووستان كرد و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی حكومه‌تی كابولی لێكه‌وته‌وه‌.

تاڵیبان ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ هیچ جۆره‌ دانووستانێك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كابول بكات و ئه‌و حكومه‌ته‌ی به‌ وابه‌سته‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌قه‌ڵه‌مداوه‌.