کەمترین مووچەی مانگانە لە میسر بۆ 97 دۆلار بەرزکرایەوە

ٍشەقامێکی قەرەباڵەغی میسر
ٍشەقامێکی قەرەباڵەغی میسر

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی نەتەوەیی بۆ دیاریکردنی کرێی کارکردنی مانگانە لە میسر بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی رێژەی کەمترین مووچە لە کەرتی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ سێ هەزار جونەیهی میسری بەرزبکاتەوە کە دەکاتە 97 دۆلار.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، هالە سەعید، وەزیری پلاندانانی میسری و سەرۆکی ئەنجوومەنی نەتەوەیی بۆ دیاریکردنی کرێی کارکردنی مانگانە رایگەیاند، بەرزکردنەوەی رێژەی کەمترین مووچەی مانگانە لە کەرتی تایبەت لە دوو هەزار و 700 بۆ سێ هەزار جونەیهی میسری، بەهۆی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانە.

ئەم ساڵ دووەمین جارە رێژەی کەمترین مووچە لە کەرتی تایبەت لە میسر بەرزدەکرێتەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕی دوو هەزار و 700 جونەیهی میسری دیاریکرا، لە کاتێکدا بۆ یەکەمین جار لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022، رێژەی کەمترین مووچە لە کەرتی تایبەت لەو وڵاتە بە دوو هەزار و 400 جونەیهی میسری دانرا.

میسر رووبەڕووی شەپۆڵێکی هەڵاوسانی گەورە بووەتە لەژێر فشاری دابەزینی بەهای دراوی وڵاتەکەی بەرامبەر دۆلار، کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕ و بەرزکردنەوەی نرخی خواردەمەنی و سووتەمەنی دروستکردووە.

کاریگەرییەکانی بەردەوامی جەنگی ئۆکرانیا لەسەر وڵاتانی جیهان درێژەی هەیە و یەکێکی دیکەش لەو وڵاتانەی کاریگەری ئابووری بە سەختی بەسەر ژیانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیەوە دەرکەوتووە، وڵاتی میسرە.

لە مانگی ئاداری ساڵی 2022ـەوە بەهای پاوەندی میسری بە رێژەی 50% لە بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و کەمبوونەوەی رێژەی کاشی دۆلاریش کاریگەری لەسەر داهاتی بەندەرەکانی ئەو وڵاتە و کۆبوونەوەی کەلوپەلێکی زۆر لە کۆگاکان دروستکردووە و کاریگەری نێگەتیڤیشی لەسەر بەرهەمی کارگەکان و کەرتی پیشەسازی میسر جێهێشتووە.

هەروەها رێژەی هەڵاوسان لە سەرەتای ئەمساڵدا لە میسر گەیشتە 25.8%، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی هەڵاوسان بوو لە پێنج ساڵی رابردوودا بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، کە لە مانگەکانی پێشتری ئەمساڵیش ئەو رێژەیە زیاتر بەرزبووەتەوە و نرخی کاڵاکانیش بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، رێژەی هەژاری لە میسر بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 30%ـی میسرییەکان لەژێر هێلی هەژاریدا بوون، کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەش لە ئێستادا نزیکەی 60%ـی میسرییەکان نزیکن لە هێلی هەژاری و لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا ژیانیان دەگوزەرێنن.