لە هەولێر.. دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو
K24 – هەولێر:
لە هەولێر دوو باند لەلایەن ئاسایشی دەروازە سنوورییەکانەوە دەستگیرکران کە کاریان هێنانی دەرمان بووە بە شێوەی قاچاخ، هەروەها بەشێک لە دەرمانەکان ماوەبەسەرچوو و بێ کوالێتی بوون، کە ویستوویانە لە بازاڕدا ساغی بکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە (20ــی حوزەیرانی 2023)، گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ــی راگەیاند، ماوەی چەندجارێک لەلایەن بەرپرسی دەروازە سنوورییەکانەوە ئاگاداردەکرێنەوە لە بوونی حاڵەتی نەخوازراو کە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی هاوردەکراون.
هەروەها رایگەیاند، نزیکەی 10 هەزار پاکەتی دەرمانی قاچاخ دەستی بەسەرداگیراوە لەلایەن ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان، کە لە چاودێرییەکی ورد دا بوون لەناو شاری هەولێر.
بەرپرسی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی کوردستان، باسی لەوەشکرد، دەرمانەکان جۆراوجۆرن، بابەتی شێرپەنجەیی، دژە هەوکردن و پەستانی خوێنی تێدایە.
گۆڤەند رەوەند، دڵنیایی دا هاووڵاتییانی شاری هەولێر کە نەهێڵدراوە دەرمانەکان لە دەرمانخانەکاندا ساغبکرێنەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەسی تۆمەتبار کراوەتەوە.