دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێر

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

دوای سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش گەڕایەوە هەولێر.

هەر ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومه‌وه‌ و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد."

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: "گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە كرد."

لەلایەن خۆیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانەکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ تورکیا ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکاندا " گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت."