وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا مەشق بە 30 هەزار سەربازی ئۆکرانیا دەکەن

K24 - هەولێر:

یەکێتی ئەوروپا بەنیازە لەمساڵدا 30 هەزار سەربازی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا مەشقپێبکات، لەناویاندا سەربازانی هێزەکانی پاراستنی خاکی ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لە راگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "لە ساڵی 2023ـدا، نوێنەرایەتی هاوکاری سەربازی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا بەنیازە 30 هەزار ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا مەشقپێبکات، لەناویاندا سەربازانی هێزەکانی پاراستنی خاکی ئۆکرانیا".

ئەم راگەیاندراوە دوای بەڵێنەکانی بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دێت لە مانگی شوباتدا بۆ راهێنان بە 30 هەزار سەربازی ئۆکرانیا، دوای ئەوەی ئامانجی سەرەتایی راهێنانی 15 هەزار سەربازی ئۆکرانیا بوو.

ئەم راگەیندراوە هاوکاتە لەگەڵ داواکاری کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ دابینکردنی بڕی 50 ملیار یۆرۆی زیادە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.