گوتێرێس: زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان ناچار بەجێهێشتنی ماڵەکانیان کراون

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

K24 – هەولێر:

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند، بەهۆی پێکدادان، ستەم، برسێتی و گۆڕانکارییەکانی كه‌شوهه‌وا، زیاتر لە 100 ملیۆن کەس ناچار بەجێهێشتنی ماڵەکانیان کراون.

گوتێرێس بەبۆنەی "رۆژی جیهانیی پەنابەران" پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس هەروەها  گوتی: "پەنابەران پێویستیان بە پاڵپشتی و هەماهەنگییە نەک سنووری داخراو و دووبارە گەڕاندنەوە".

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتیشی: "زیاتر لە 100 ملیۆن کەس بەهۆی پێکدادان، ستەم، برسێتی و گۆڕانکارییەکانی كه‌شوهه‌وا ناچار بەجێهێشتنی ماڵەکانیان کراون. ئەمە تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکو واقیعە.

گوتێرێس جەختی لەوە کردەوه‌، دەبێت لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا، بەرپرسیارێتی پاڵپشتی و پاراستنی پەنابەران وەبیر هەموو کەس بهێندرێتەوە و رایگەیاند، گەڕاندنەوەی پەنابەران بە شێوەیەکی پارێزراو بۆ ماڵەکانیان، پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز هەیە.

گوتێرێس گوتیشی: "دەبێت پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکەین کە میواندارێتی پەنابەران دەکەن".