شاخەوان عەبدوڵڵا: دەستگیرکردنی جووتیارانی پەلکانە 'هێڵی سوورە' و لەڕێگەی یاساوە کێشەکە چارەسەر دەکەین

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە جووتیارانی گوندی پەلکانە و سەرجەم گوندەکانی سنووری ماددەی 140 دەکات دەست بە کاری کشتوکاڵییان بکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، کێشەی گوندەکە دەبەنە پەرلەمانی عێراق و هەوڵدەدەن لەڕێگەی یاساوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رێگرییەکانی سوپای عێراق و دەستگیرکردنی ژمارەیەک جووتیاری گوندی پەلکانە لە درەنگانی شەوی رابردوو بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمرۆ لەگەل محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و راوێژکاری سەربازی سەرۆکوەزیران راسپێردراوە بۆ ئەوەی لەگەل فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان قسەبکات تاوەکو لە ماوەی دوو هەفتەدا "قائید فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، کە هۆکاری کێشەکانە لە ناوچەکە بگۆڕدرێت."

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵلا، کە قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 کردووە، بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس دەخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر دەبردرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بەیەکجارەکی و لە رێگەی یاساوە کۆتایی بە کێشەکانی گوندی پەلکانە بهێندرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستگیرکردنی جووتیارانی کورد بە "هێڵی سوور" لە قەڵەم دەدات و رایدەگەیەنێت، رێگە نادەن سووکایەتی بە جووتیارە کوردەکان بکرێت و "دەبێت دەستبەجێ بارودۆخەکە لە پەلکانە ئاسایی بکرێتەوە."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داواش لە گوندی پەلکانە و سەرجەم گوندەکانی سنووری ماددەی 140 دەکات دەست بە کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانیان بکەنەوە و، وەکو خۆی دەڵێت، "کەس ناتوانێت رێگریان لێ بکات."

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو 20ـی حوزەیرانی 2023، هێزێکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر گوندی پەلکانەی سەر ناحیەی سەرگەڕان، کە دەکەوێتە سنووری ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و ئاغای گوندەکەیان بە ناوی "دەشتی ئاغا" دەستگیرکرد. هاوکات مەڕەشە و کەرەستەی ئاودێری جووتیارانی گوندەکەیان شکاند.

گوندی پەلکانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە بەدەست پاشماوەی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکانەوە دەناڵێنێت. خەڵکی گوندەکە داوا دەکەن سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەوڵبدەن ئەو تەعریبە رابگرن کە لە سەر ناوچەکە و ماڵ و زەویەکانیان ھەیە.