ئاگرەکەی شارباژێر کۆنترۆڵکرا و تۆمەتباری ئاگرکەوتنەوەکەش دەستگیرکرا

K24 - هەولێر

ئاگرەکەی شارباژێر کۆنترۆڵکرا و بەڕێوەبەری بەڕێوبەەرایەتی پۆلیسی دارستانی شارباژێریش دەڵێت، " ئەو تۆمەتبارەمان دەستگیرکرد کە بووە هۆی کردنەوەی ئاگرەکه."

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، کارزان نورەددین، بەڕێوەبەری بەڕێوبەەرایەتی پۆلیسی دارستانی شارباژێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، توانیویانە ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵبکەن کە ماوەی زیاتر لە دوو رۆژە زیاتر لە 16 گوندی سنووری شارباژێر کەوتبووەوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوبەەرایەتی پۆلیسی دارستانی شارباژێر هاوکات توانیویانە ئەو تۆمەتبارەش دەستگیربکەن کە بووەتە هۆی کردنەوەی ئاگرەکه.

وەکو ئەوەی کارزان نورەددین باسی کرد، لیژنەیەک لە قائیمقامییەت بۆ دەرخستنی ئاستی زەرەر و زیانەکان پێکهێندراوە، کە بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پۆلیسی دارستان نزیکەی نۆ بۆ 10 هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.