دیاری حسێن: دۆخی کوردستان وا دەخوازێت لایەنەکان لەگەڵ یەکدی تەبا بن

دیاری حسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی
دیاری حسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی

K24 – سلێمانی:

بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى  رایدەگەیەنن،  ئامادەن بۆ چارەسەرى کێشەو گرفتەکانى نێوانیان کۆببنەوە. هاوکات یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی دەڵێت: دۆخی کوردستان وا دەخوازێت لایەنەکان لەگەڵ یەکدی تەبا بن.

دیاری حسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، پارتی و یەکێتی دەبێت کۆببنەوە چونکە کوردستان وا دەخوازێت کە پێکەوە کاربکەین و پێکەوە هەنگاو بهاوێژین.

لەلایەن خۆیەوە، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ کوردستان24، گوتی: یەکێتی هیچ کاتێک کۆبوونەوەی رەتنەکردووەتەوە، هەروەها یەکێتی هیچ کاتێک سیاسەتی داخستنی دەرگاکانی رەچاونەکردووە.

16ــی ئایاری 2023، شاندی هەردوولا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایگەیاند: "هەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش  ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".