دیداری بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی لەگەڵ کوردستان24 لە میدیاکانی تورکیا دەنگدەداتەوە

دەنگدانەوەی بەرنامەیەکی باسی رۆژ لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی لە میدیاکانی تورکیا
دەنگدانەوەی بەرنامەیەکی باسی رۆژ لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی لە میدیاکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

دیداری بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، لە تورکیا بوو بە رۆژەڤی سەرەکی میدیاکان و دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

رۆژی سێشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) عەبدولڕەحمان کورت، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەردنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) میوانی بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 بوو، لە وەڵامی پرسیارێکی ژینۆ محەممەد لەبارەی گرنگی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا رایگەیاند، سەردانەکانی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان بۆ تورکیا چەند بەهادار بێت، سەردانەکەی مەسرور بارزانیش بۆ تورکیا هێندە بەهادارە.

هاوکات عەبدولڕەحمان کورت راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان توانای بە دەوڵەتبوونی هەیە و ئامادەیە بۆ دەوڵەتبوون ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژاڤاش ئاسایی بکرێنەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەشکرد قسەیەک هەیە پێناسەی نزیکی نێوان تورکیا و ئازەربایجان دەکات و خۆمان بە دوو دەوڵەت و یەک میللەت دەناسێنین، دەکرێت ئەمە ببێ بە سێ دەوڵەت و یەک میللەت چونکە هەرێمی کوردستان توانای بەدەوڵەتبوونی هەیە و ئامادەیە بۆ دەوڵەتبوون.

قسەکانی عەبدولڕەحمان کورت لە میدیاکانی تورکیادا وەکو مانشێتی هەواڵ مامەڵەی لەگەڵ کرا و بایەخێکی تایبەتی پێدرا و بووە بە رۆژەڤی سەرەکی لەو وڵاتە.

میدیاکانی تورکیا وەک یەکێک لە سەرنجراکێشترین لێدوانی بەرپرسێکی باڵای پارتی فەرمانڕەوای وڵاتەکەیان لەسەر سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، ئاماژەیان بە ناوەڕۆکی قسەکانی عەبدولڕەحمان کورت بۆ کوردستان24، گواستووەتەوە و ئاماژەیان بە سەرچاوەی قسەکانیشی کردووە کە لە کوردستان24 بڵاوکراوتەوە.

رۆژی سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش گەڕایەوە هەولێر.

هەمان رۆژیش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومه‌وه‌ و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد."

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: "گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە كرد."

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانەکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ تورکیا ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکاندا " گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت."

لەلایەن خۆیەوە، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی سەردانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ برەودانە بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، سەردانەکەش دەرفەتێک دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق.

ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەبێتە سێیەمین سەردانی فەرمیی مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە. رۆژی (28ـی تشرینی دووەمی 2019)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم سەردانی فەرمی بۆ تورکیا ئەنجامدا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، "به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاومان به‌دیهێنا له‌باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌ بازرگانییه‌كان و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌".

رۆژی هەینی (15ـی نیسانی 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جاری دووەم بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە 28ـی ئایاردا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، رۆژی شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023)، لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد و هەمان رۆژیش کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد.