کڵچدارئۆغڵو دوای شکستەکەی ئایاری ئەمساڵ هێشتا ئومێدی سەرکەوتنی بەسەر ئەردۆغان هەیە

ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو
ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو

K24 – هەولێر:

دوای شکستی هاوپەیمانیەتی میللەت لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار و 28ـی ئایار، زۆرترین قسە لەبارەی ئایندەی هاوپەیمانەتییەکە دەکرێت، لەکاتێکدا دوای نۆ مانگی دیکە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەرێوەدەچێت.

ئایندەی هاوپەیمانیەتی میللەت یان مێزی شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکە مشتومڕێکی دیکەی رۆژەڤی سیاسی دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیایە. کڵچدارئۆغڵو دەڵێت ئەگەر پێویست بێت نەک شەش، ئامادەیە مێزی 16 لایەنی پێکبێنێت، لەبەرامبەردا ئەردۆغان دەڵێت، نەک 16، تەنانەت مێزی 160 لایەنیش پێکبێنێت هیچ ئەنجامێکی نابێت.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیدا رایگەیاند،  ناکرێت بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بێئومێد بن گوتی، "ناکرێت بێئومێدی دامانبگرێت و مافی ئەوەشمان نییە. دەرهێنانی تورکیا لە ناخۆشییەکان، ئەرکی ئێمەیە و مێژوو ئەو بەرپرسیارییەتەی خستووەتە سەر شانمان، زۆر بەڕوونی دەمەوێت ئەوە بڵێم، لەپێناو گەشانەوەی تورکیا نەک شەش لایەن، بەڵکو ئامادەم تەنانەت مێزی شازدە لایەنیش پێکبێنم".

دوای قسەکانی کڵچدارئۆغڵو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی رایگەیاند، "کڵچدارئۆغڵو دەڵێت ئەگەر پێویست بێت مێزێکی 16 لایەنی پێکدێنێت. ئەم ژمارەیە بەس نییە، پێویستە ژمارەکە زیاد بکەیت. زیادکردنی هاوبەشەکانی مێز هیچ ئەنجامێکی نابێت چونکە گەلەکەمان پێویستی بە ئیرادە و خزمەتە. سەرۆکی جەهەپە نەک 16، تەنانەت مێزی 160 لایەنیش پێکبێنێت، ناتوانێت لە سندوقەکاندا لە زلـلـەی گەلەکەمان رزگاری بێت".

بڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی ئاداری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئایندەی هاوپەیمانیەتی میللەت روون نییە و ئەوەی تا ئێستا دیارە، هاوپەیمانیەتییەکە بە پێکهاتەی ئێستای نامێنێت چونکە پێشتر ئیی پارتی بێبەریبوونی خۆی لە هاوپەیمانیەتییەکە لە دوای هەڵبژاردنەکان راگەیاندبوو.

هەروەها پارتەکانی داهاتوو بەسەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغلو، دەڤا بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان و سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل کەروموڵڵائۆغڵو کو خاوەنی 35 کورسی پەرلەمانن و لەسەر لیستی جەهەپە کاندیدەکانی خۆیان هەڵبژاردبوو، لە هەوڵی جیاکردنەوەی فراکسیۆنێکی سەربەخۆن وەک هێزێکی نوێی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو کاربکەن.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان دا و رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 84.15%.

لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن،  27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بووە و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێناوە. بە فەرمیش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

هەروەها بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.