حکومەتی هەرێم داوایەک ئاڕاستەی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم و زین دەکات

لۆگۆی هەرسێ کۆمپانیای زین، کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیاسێڵ
لۆگۆی هەرسێ کۆمپانیای زین، کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیاسێڵ

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەک ئاڕاستەی هەر سێ کۆمپانیای بواری پەیوەندیکردن (ئاسیاسێڵ، کۆڕەک تیلیکۆم، زین) دەکات.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو داوا لەو سێ کۆمپانیایە دەکات لەڕێگەی کورتەنامەوە، هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ئاگادار بکەنەوە، بە مەبەستی خۆپاراستن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

لەو نووسراوەدا، وەزارەتی کشتوکاڵ داوا لە ئاژەڵداران و قەسابخانەکان دەکات پابەندن بە سەربڕینی ئاژەڵەکان لە سەربڕینخانە فەرمییەکان.

هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات تەنیا گۆشتی مۆرکراوی سەربڕینخانە فەرمییەکان بکڕن، بەپێی رێنمایی تەندروستی.

ئاماژە بەوەشدراوە، سەربڕینخانەکان کراوە دەبن بۆ پشکنینی ئاژەڵەکان لە رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن و دوای جەژن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو داوا لەو سێ کۆمپانیایە دەکات، هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە لەوەی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆشتی ئاژەڵ بکەن، ئەمەش بە بەکارهێنانی دەستکێش لەلایەن خانمان و گۆشت فرۆش و  چێشتخانەکان لەکاتی پاککردن و چاککردنی گۆشت، هەروەها کوڵاندنی بەشێوەیەکی باش.

بەگوێرەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە تای خوێنبەربوون، نابێت لە مەیدانی ئاژەڵان و کۆڵانەکان سەری ئاژەڵان ببڕین، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ئاگادارکردووەتەوە کە رێکاری توند دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە بیانەوێت لە شوێنە نافەرمییەکان ئاژەڵ بفرۆشن یان سەر ببڕن.