گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە بۆ کوردستان24: پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین

نەبیلا مەسرالی، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە
نەبیلا مەسرالی، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە

K24 – برۆکسل:

گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە جەخت لەسەر پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە بواری کشتوکاڵی و رایگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە کاربکەن تا هەڵبژاردن زیاتر دوانەکەوێت.

رۆژی پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023)، نەبیلا مەسرالی، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی ئەوروپا جەخت لەوەدەکاتەوە، سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە هەماهەنگی بکەن، تا هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەکەوێت.

نەبیلا مەسرالی گوتی، "هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزدەنرخێنین. هەبوونی نێردە دپبلۆماسییەکان و رێکخراوە مرۆییەکانمان لە هەولێر، نیشاندەری سووربوونمانە لە هەماهەنگی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

لەبارەی ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە روونیکردەوە، "دەمانەوێت ئەزموونەکانمان لە بواری بەرژوەندی هاوبەشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوبەشی پێبکەین، بەتایبەتی لە بواری گۆڕانە ژینگەییەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە".

هەروەها مەسرالی گوتیشی، "بێگومان ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆی، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی دەکەین".

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نەبیلا مەسرالی ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێتی ئەوروپا جەخت لەوەدکاتەوە، کە پێویستە سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە کاربکەن تا هەڵبژاردنەکان زیاتر دوانەکەون".

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە (18ـی کانوونی دووەمی 2023) و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد".